80 وڵات داوا دەكەن: پارتی و یەكێتی دەست لە هێزی پێشمەرگە هەڵگرن و هێزی حزبی نەمێنێت

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هاوكاریەكانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە ئاشكرا دەكات”ھاوپەیمانان ھەوڵی جددی دەدەن ھێزی پێشمەرگە بکەنە ھێزێکی پرۆفێشنەڵ و شارەزا، بەڵام تاکو ھێزی پێشمەرگە یەک نەگرێت و لە ھێزی حیزبەوە نەبێتە ھێزێکی کوردستانی نە ھاوپەیمانان جددی دەبن و نە دەشتوانن ھاوکاریی جددیی پێشمەرگە بکەن”.

هۆشیار سیوه‌یلی، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كورستان بۆ ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتی راگەیاندووە”یەکخستنی ھێزی پێشمەرگە پەیوەندیی بە خۆمانەوە ھەیە نەک ھاوپەیمانان. پێنج دەوڵەت خەریکن بناخەی ھێزێکی سەربازی بۆ کوردستان دادەنێن، ئەو بناخەیە یەکخستنی ھێزەکانە. گەر بتوانین ھێزی پێشمەرگە یەک بخەین، دەتوانین داوای زۆر ھاوکاریی گەورە لە دۆستەکانمان بکەین”.
 
بەگوێرەی زانیاریەكان، به‌پێی پرۆژه‌ی چاكسازیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پرۆژه‌ی یه‌كخستنه‌وه‌ی پیشمه‌رگه‌ ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، هه‌نگاوه‌كان له‌ دروستكردنی لێژنه‌یه‌ك بۆ دووباره‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ لیستی ناوه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و پله‌كانیان و یه‌كخستنه‌وه‌ی یه‌كه‌ی خانه‌نشینیی پێشمه‌رگه‌ له‌ چوارچێوه‌ی یه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و یه‌كخستنه‌وه‌ی هه‌ردوو هێزه‌كانی 70 و 80 و ئه‌مه‌ش زۆر گرنگ ده‌بێت بۆ هاوپه‌یمانان كه‌ بتوانن زۆربەی گرفته‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن و هاوكاریی پێشمه‌رگه‌ بكه‌ن.
بابه‌كر زێباری، سوپاسالاری پێشووی عێراق و ڕاوێژكاری سه‌ربازیی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای كردووە” یه‌كخستنی پێشمه‌رگه‌ زۆر گرنگه‌ و یه‌كخستنی پێشمه‌رگه،‌ یه‌كخستنی وڵاته‌ و ده‌بێ به ‌به‌هێزییه‌وه‌ وه‌ڵامی داعش و دوژمنان بدرێته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر هێزی پێشمه‌رگه‌ یه‌ك بخرێته‌وه‌ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان زیاتر ده‌بێت، هاوپه‌یمانان زیاتر دێنه‌ سه‌رخه‌ت، بۆیه‌ ده‌بێت هه‌وڵه‌كان چڕ بكرێته‌وه‌ بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌”.
 
گوتیشی: “نزیكه‌ی 80 ده‌وڵه‌ت هه‌موویان به ‌یه‌كه‌وه‌ پێیان خۆشه‌ و مه‌رامیانه‌ پێشمه‌رگه‌ بكرێته‌ یه‌ك هێز و ئێستاش خه‌ریكن و پرۆژه‌ی چاكسازی كه‌وتووه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، تا ڕاده‌یه‌ك بڕوا بۆ هه‌ردوو حزب دروست بووه‌، كه‌ هه‌ردوو هێز بخرێنه‌ چوارچێوه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، ئه‌وكاته‌ بیانووش بۆ هاوپه‌یمانان نامێنێت كه‌ مه‌شقه‌كان ڕاگرن، یان نیگه‌ران بن و ده‌بێ ئه‌مه‌ له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تییشدا ئاماده‌كاریی بۆ بكرێت، چونكه‌ ده‌بێ پێشمه‌رگه‌ زیاتر بەدامه‌زراوه‌یی بكرێت و ڕه‌نگه‌ له‌ داهاتوو ئه‌ركی قورستریشی هه‌بێت، پێشمان خۆشه‌ له‌وبارەیە‌وه‌ كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا بهێنرێته‌ سه‌رخه‌ت كه‌ بۆ‌ هه‌نگاوه‌كانی داهاتووی ناوچه‌كه ‌له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی پێشمه‌رگه‌ بڕیار بدرێت”
Back to top button