رۆژمەنووسێك: هیچ هەواڵێكی میدیایی سلێمانی راست نین چونكە لەبنەرەتدا ئەوانە میدیا نین

بەگوێرەی زانیاریەكان” لەماوەی ئەو دوو مانگەی رابردوو،  بەشێكی خەڵكی هەرێمی كوردستانیان بە سێ سیناریۆی درۆ سەرقاڵ كرد كە هەرسێ سیناریۆكە لە كۆتاییدا دەركەوت ڕاست نییە، بەڵام داوای لێبووردنیشیان نەكرد. هەروەها لە نوێترین درۆیاندا، گوتیان كە شاندێكی ئەمریكی سەردانی قەندیلی كردووە و تەنانەت بەناو ئەو چالاكوانانەی كە خۆیان بە بێلایەن نیشان دەدەن، لە پاڵ میدیای سلێمانی، كەوتنە پیاهەڵدان بە كۆبوونەوەكەی شاندی ئەمریكا و پەكەكە، بەڵام دواتر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رەتی كردەوە هیچ شاندێكیان سەردانی قەندیلی كردبێت”.

ئەوەش لەكاتێكدا كە پێشتر  بانگەشەی چوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی بۆ شاری ژنێفی سویسڕا دەكرد. سیناریۆی دووەم بابەتی ڕادەستكردنەوەی دالیا مەحموود موسلیم بوو بە حكوومەتی توركیا كە دواتر چەندان بەڵگەی ڤیدیۆیی دەریخست دالیا خۆی بە قاچاخ چۆتە توركیا و لەوێ خۆی رادەستی ئەو وڵاتە كردووە و ئێستاش ئازاد كراوە”.

هەر لەبارەی سیناریۆ درۆینەكانیان میدیایی سلێمانی ئەمرۆ ڤیدیۆیەكیان بڵاو كردۆتەوە كە نازانرێت كوێیە، بەڵام تێدا خەڵكانێك دەردەكەوێت كە خۆپێشاندان دەكەن گوایە ئەو خەڵكە لەهەولێر خۆپێشاندان دەكەن، بەڵام خەڵكەكەی تێدا دەردەكەوێت هەموویان جلی زستانەیان لەبەرە، لەكاتێكدا لە هەولێر پلەی گەرما لە سەرووی 40 پلەی گەرمیە، ئەمەش یەكێكی تری درۆیەكانە”.

لەو بارەیەوە رێكان سەباح بەمیدیاكانی راگەیاندووە”هەندێك میدیا هەن كە بە ناوی میدیاوە بازرگانی دەكەن و لە لایەن كەسانی سیاسییەوە بە ئامانجی سیاسی بەكار دەهێندرێن، ئەوانە كاریان بڵاوكردنەوەی هەواڵی درۆ و ناڕاستە، ”لە راستیدا بۆیە بەمانە دەگوترێت میدیا، چونكە نەتواندراوە لە دەرەوەی میدیا فۆرمێكیان پێبدرێت، ئەگینا ئەمانە كاری میدیایی ناكەن و تەنیا درۆ لە پێناو بەرژەوەندیی بازرگانانی سیاسی بڵاو دەكەنەوە“.

هەر لەو بارەیەوە”د. پەروێز ڕەحیم قادر، مامۆستای زانكۆ و شرۆڤه‌كاری سیاسی بە میدیاكانی راگەیاندووە”به‌شێك له‌م میدیایه‌، له‌ ئه‌نجامی ململانێی سیاسی و بەرژەوەندیی وڵاتان پەیدا بوون و كاریان فەیكنیوزە، بەداخەوە سزای یاسایی نادرێن، هه‌رچیان بوێت بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه‌، بەپێویستیشی زانی، خەڵكی هۆشیار بن و نەكەونە ژێر هەواڵی درۆی ئەو میدیایانە، دەشڵێت: ”دەبێت حكوومەت ناوەندێكی بۆ ڕەتكردنەوەی هەواڵی درۆ هەبێت، ڕێكاری یاساییش بەرامبەر ئەو میدیایانە بگرێتە بەر تاوەكوو نەوێرن هەواڵی درۆ بڵاو بكەنەوە“.

بە بڕوای مامۆستاكەی زانكۆ، دەبێت ئەو میدیایانەی هەواڵی درۆ بڵاو دەكەنەوە، داوای لێبووردن بكەن وەك بەشێك لە ئەخلاقی كاری ڕۆژنامەوانی، چونكە ”هەنگاو بە هەنگاو خەڵكی بەدوای میدیای ڕاستدا دەگەڕێن و لە كۆتاییشدا میدیا ناڕاستەكان خوێنەر و بینەریان نامێنێت و دادەخرێن“.

Back to top button