حكومەتی هەرێم بزانە داوای چی لە ئەوروپا دەكات
خواكوڕك
وەڤدێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی یەكێتی ئەوروپا دەكەن و داوای هاوكاری و هەماهەنگی دامەزراوەی نێودەوڵەتیەكانی ئەو یەكێتیە دەكەن كە هاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن، لەو بارەیەوە نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لەیەكێتی ئەوروپا دەلێت لەگەڵ شاندەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە د. عەلی سندی، وەزیری پلاندانان سەرۆکایەتی دەکات، لە کۆبوونەوەیەکماندا لەگەڵ بەرپرسانی کۆمسیۆنی ئەورووپا، داوای هاوکاری و پەرەپێدانی زیاترمان بۆ هەرێمی کوردستان کرد.
دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا بەخواكوڕكی راگەیاند، شاندەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە وردی تاوتوێی ئەو گرفت و ئاستەنگ و فشارانەی کرد کە بەهۆی هاتنی ژمارەیەکی زۆری ئاوارە و پەنابەران شەری داعش تووشی هاووڵاتیان هەرێم بوونە. لەبەشێکی قسەکانیاندا شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جەختیان لەوە کردەوە کە دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بە تایبەتی یەکێتی ئەوروپا هاوکاری هەرێمی کوردستان بکەن ، بۆ ئەوەی بەشێک لەو فشارانە کەم بنەوە و هاوکاری هەرێمی کوردستانیش بکەن بۆ تەواو کردنی بەشێک لەو پرۆژانەی کە بە هۆی قەیرانی دارایی لە توانای حکوومەتدا نین لە ئێستادا تەواویان بکات. بە تایبەت ئەو پڕۆژانەی تایبەتن بە کەرتی تەندرووستی و ڕێگاو بان و کەرتی کارەبا.
دلاوەر ئاژگەیی ئەوەشی خستەڕوو کە بڕیاروایە بۆ تاوتوێ کردنی زیاتری ئەم پرسانە، لە ناوەڕاستی مانگی 2، شاندێکی یەکێتیی ئەوروپا سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.