ژووری ئۆپراسیۆنەکانی ئیدارەی گەرمیان: هاتوچۆ له‌نێوان ئیداره‌ی گه‌رمیان و ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم بۆ ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌ راده‌گیرێت

دوای ئه‌وه‌ی دوێنێ وه‌زاره‌تی ناوخۆ هه‌رێمی كوردستان چه‌ند بڕیارێكی له‌ باره‌ی گرتنه‌ به‌ری رێكاری نوێ بۆ رێگری له‌ ته‌شه‌نه‌ی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌ركرد، ئه‌مڕۆ دوای كۆبوونه‌وه‌ی ژوری ئۆپراسیۆنەکانی ئیدارەی گەرمیان نۆ بڕیاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەرکرد.


ژووری ئۆپراسیۆنەکانی ئیدارەی گەرمیان نۆ بڕیاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەرکرد، كه‌ له‌ یه‌كێك له‌ بڕیاره‌كاندا هاتووه‌، “هاتوچۆ له‌نێوان ئیداره‌ی گه‌رمیان و ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم بۆ ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌ راده‌گیرێت”.

دەقی بڕیارەکانە:
١ – پێویسته‌ سه‌رجه‌م (ماركێت و ریستۆرانت و شوێنه‌ بازرگانییه‌كان و سه‌نته‌ر و نۆرینگه ‌پزیشكییه‌كان و پزیشكی ددان و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی و تاقیگه‌یی و شوێنه‌گه‌شتیارییه‌كان و پاركه‌كان و كافتریا و چاخانه‌كان و هۆڵه‌كانی وه‌رزش و له‌شجوانی و مه‌له‌وانگه‌كان) به‌گرتنه‌به‌ری رێوشوێنه‌كانی خۆپارێزی و جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان كاره‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بۆ هه‌ریه‌كێك له‌و كاروپیشه‌ جیاوازانه‌ سزای دیاریكراو له‌به‌یانی ژماره‌٤٦ی وه‌زاره‌تی ناوخۆیان به‌سه‌ردا جێبه‌جێده‌كرێت.

٢ –به‌رده‌وامیدان به‌قه‌ده‌غه‌كردنی گشت بۆنه‌كان(پرسه‌ی ماته‌مینی، ئاهه‌نگ و بۆنه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.

٣ –راگرتنی هاتوچۆ له‌نێوان ئیداره‌ی گه‌رمیان و ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم بۆ ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌.

٤ – ژووری ئۆپراسیۆنی ئیداره‌ی گه‌رمیان قائیمقامیه‌ته‌كانی سنووره‌كه‌ی راده‌سپێرێت به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی ئیداره‌ی گه‌رمیان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی گه‌رمیان و پۆلیسی گه‌رمیان له‌گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی پێویست، به‌رامبه‌ر ئه‌و شوفێرانه‌ی ئۆتۆمبێلی(تایبه‌ت، كرێ، بارهه‌ڵگر و ئۆتۆمبێلی هێڵه‌كانی گواستنه‌وه‌ی نێوشار) كارده‌كه‌ن و خۆیان و سه‌رنشینه‌كانیشیان پابه‌ندنه‌بوون به‌ جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌كان، بڕگه‌ی یازده‌یه‌م له‌به‌یانی ژماره‌٤٦ی وه‌زاره‌تی ناوخۆیان به‌سه‌ردا جێبه‌جێبكرێت.

٥ – دامه‌زراوه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت ده‌بێت كارمه‌ندان و كرێكاره‌كانیان پابه‌ندبكه‌ن به‌به‌ستنی ده‌مامک و رێنماییه‌ خۆپارێزییه‌كان جێبه‌جێبكه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه ‌بڕی١٥٠ هه‌زار دینار خاوه‌نی دامه‌زراوه‌كه‌ سزاده‌درێت.

٦ – ژووری ئۆپراسیۆنی ئیداره‌ی گه‌رمیان له‌ نزیكه‌وه ‌چاودێری جێبه‌جێكردنی ئه‌م بڕیار و ڕاسپاردانه‌ ده‌كات، ئه‌و لیژنانه‌ی كه‌ له ‌پێشوتردا پێكهێنراون بۆ به‌دواداچون و پشكنین ئاكتیڤ ده‌كرێنه‌وه‌ و سه‌ردانی مه‌یدانییان ده‌بێت و ئۆپراسیۆنی ئیداره‌ی گه‌رمیانیش پشت به‌ راپۆرته‌كانیان ده‌به‌ستێت، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ هه‌ر لیژنه‌یه‌ک كه‌مته‌رخه‌می له‌جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانیاندا به‌دی بكرێت توشی لێپێچینه‌وه‌ی یاسای ده‌بن.

٧ – پێكهێنانی لیژنه‌ی باڵای پشكنین و به‌دواداچون له‌سه‌ر ئاستی ئیداره‌ی گه‌رمیان(به ‌سه‌رۆكایه‌تی ئیداره‌ی گه‌رمیان و ئه‌ندامێتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی سنووره‌كه‌) تایبه‌ت به‌ پرسی ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

٨ – ده‌سه‌ڵات ده‌درێت به‌قائیمقامیه‌ته‌كانی سنووری ئیداره‌ی گه‌رمیان بۆ گرتنه‌به‌ری هه‌ر ڕێوشوێنێكی دیكه‌ی پێویست بۆ خۆپارێزی له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا.

٩ – ئه‌م بڕیارانه‌ له‌ كاتژمێر(١٢شه‌وی ٥ی ئاب)ەوە جێبه‌جێده‌كرێت..

Back to top button