بەشیر خەلیل حەداد : داگیرکردنی زەوی و زاری کوردەکانی کەرکوک جێگای قەبوڵ کردن نییە

 

د.بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت ، لە گەڵ ئاگادار بوونمان لە نیازی عەرەبە هاوردەکانی کەرکوک بۆ داگیرکردنی زەوی و زاری کوردەکان لە ناوچەکورستانییەکانی کەرکوک بە پالپشتی هێزی پۆلیسی فیداراڵی عێراق بە زویی هاتینە سەرهێڵ و لە گەل حکوومەتی عێراق و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركووك و كێشەكەمان چارە كرد ، بەڵام دیارە ئەو چارەسەرە کاتییەو پێویستە چارەسەری ریشەیی و یاسایی ئەنجام بدرێت .

 

لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان دکتۆر بەشیر حەداد گوتی : : “پەیوەندیمان بە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركووكەوە كرد و پێمان راگەیاندن، كە پێویستە دەستبەجێ ئەو عەرەبانە بكشێنەوە و چەند رۆژنامەنووسێكیشیان دەستگیر كردبوو ئەوانیش ئازاد بكرێن، ئەگەر نا پەیوەندی بە سەرۆكوەزیران دەكەین و ئەمە قبووڵ ناكەین، بۆیە دەستبەجێ فەرمان درا عەرەبی ھاوردە و ھێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی كشانەوە و دەستگیركراوەكانیش ئازاد كران، لەبەر ئەوە كێشەكە لە ئێستادا كۆتایی ھاتووە و چارە كراوە، ئەمەش جاری یەكەم نییە و چەندین جار ئەو كێشانەمان چارە كردووە”.

 

بەڵام هاوکات نایشاریتەوە لە کۆتاییدا ئاماژە بەوە دەکات : “ئەو کێشەیە  پێویستی بە چارەسەری ریشەیی لە ڕووی سیاسی و یاساییەوە  ھەیە، بۆ ئەوەی بە تەواوی پرسەكە چارە بكرێت، تا ھێزی ھاوبەش بۆ ئەو ناوچانە دروست بكرێت و چیتر ئەو گرفتانە دووبارە نەبنەوە، واتە تەنها هێزی هاوبەشە کە دەتوانێت پارێزگاری لە سەرو ماڵی کوردان بکات “.

Back to top button