پارێزگاری هەولێر: پڕۆژەی پاڵاوتنی ئاوی قورسی هەولێر 300 ملیۆن دۆلاری تێچووه‌

له‌ پارێزگای هەولێر، پڕۆژەی پاڵاوتنی ئاوی قورس و دابینکردنی ئاوی خواردنەوە دەستیپێکرد و پارێزگاری هەولێر، فەرسەت سۆفی ڕایگەیاند تێچووی پڕۆژەکە 300 هەزار دۆلارە.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، فەرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە پارێزگای هەولێر پڕۆژەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، بە تێچووی 300 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت، کە ئاوی پاک جگە لە هەولێر، دەگەیەنێت بە قەزای ڕەواندز و گوندەکانی دەوروبەری.

فەرسەت سۆفی وتیشی، دەمانەوێت لە ڕێگەی ئەم پرۆژەیەوە کۆتایی بە کێشەی کەمئاوی بهێنین لە ناوچەکە، هەروەها لە ناو شاری هەولێریش 24 بیر لێدەدەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی پاك.

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، لە ڕێگەی قەرزی یابانییەوە 300 ملیۆن دۆلارمان بۆ جێبەجێکردن و بەگەڕخستنی ئەم پڕۆژەیە دابین کردووە، بۆ پاڵاوتنی ئاوی قورس لە هەولێر، لەگەڵ ئەوەی هەرێمی کوردستان لە قەیرانێکی دارایی قوڵدایە، بەڵام ئەم پرۆژەیە کە یەکێکە لە پرۆژە گەورە ستراتیجییەکان جێبەجێ دەکرێت.

Back to top button