به‌هۆی كاره‌ساته‌كه‌ی به‌یرۆت حكومه‌تی عێراق چه‌ندین تانكه‌ری نه‌وت به‌ره‌و ئه‌و وه‌ڵاته‌ به‌ڕێكرد

بڕیاره‌ نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 8ی ئابی 2020، كاروانی تانكه‌ره‌ نه‌وته‌كانی عیراق بگاته‌ لوبنان.

گه‌یاندنی نه‌وتی عێراق بۆ لوبنان له‌چوارچێوه‌ی هاوكارییه‌كانی به‌غدایه‌ بۆ به‌یروت له‌پای ئه‌و كاره‌ساته‌ی كه‌ به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی رۆژی 4ی ئاب له‌ به‌ندره‌ی پایته‌ختی لوبنان رویدا.

بڕیاره‌ تانكه‌ره‌كان كاتژمێر 12:30 خوله‌كی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ بگه‌نه‌ ناوچه‌ی كارگه‌ پیشه‌سازییه‌كانی سه‌ر سنوری لوبنان و تێمێك له‌ باڵیۆزخانه‌ی عێراق و ریمۆن غه‌جه‌ر، وه‌زیری وزه‌ی لوبنانیش ئاماده‌ بن بۆ وه‌رگرتنی بڕه‌ نه‌وته‌كه‌ی عێراق .

رۆژی سێ شه‌ممه‌ 4ی ئابی 2020، كۆگایه‌ك له‌ به‌نده‌ری به‌یروت له‌ لوبنان ته‌قییه‌وه‌ كه‌ 2700 تۆن نتراتی ئامۆنیای تێدا بوو، به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌كه‌ زیاترله‌ 130 كه‌س كوژران و زیاتر له‌ پێنج هه‌زاری دیكه‌ش برینداربوون.

Back to top button