دۆناڵد ترەمپ: دووباره‌ ببمەوە بە سەرۆك بە زووترین کات لەگەڵ کۆریای باکوور و ئێران ڕێکدەکەوم

ئەمڕۆ شەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند ئەگەر لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی براوە بێت، بە زووترین کات لەگەڵ ئێران و کۆریای باکووردا ڕێکدەکەوێت، “ئەوانیش دەیانەوێت ببمەوە بە سەرۆك.

بەپێی کەناڵی سی بی ئێس نیوز، دۆناڵد ترەمپ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لە ویلایەتی نیوجێرسی جەختی لەوە کردەوە کە سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی مانگی نۆڤەمبەردا، کۆتا شتە ڕووسیا و چین و ئێران بیانەوێت.

سەرۆکە کۆمارییەکەی ئەمریکا وتیشی، ئەگەر ئێمە براوە بین، بە زووترین کات ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران دەکەین، بە زووترین کات ڕێککەوتن لەگەڵ کۆریای باکوور دەکەین.

دۆناڵد ترەمپ جەختی لەوەش کردەوە کە ئەگەر لە ساڵی 2016، نەبووایە بە سەرۆکی ئەمریکا، ئێستا لەگەڵ کۆریای باکوور لە جەنگدا بوون.

ئەمریکا لە سەردەمی سەرۆکایەتیی باراک ئۆباما (2009- 2017)، رێککەوتنێکی ناوکی لەگەڵ ئێران واژۆ کرد، بەڵام دۆناڵد ترەمپ لە رێککەوتنەکە کشایەوە و چەندین سزای بەسەر ئێراندا سەپاند.

بڕیارە رۆژی 3-11-2020، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوە بچێت، کە تێیدا دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئێستا، بە نوێنەرایەتیی پارتی کۆماریخواز، رکابەریی جۆ بایدن، کاندیدی پارتی دیموکراتخوازەکان دەکات.

Back to top button