وەزارەتی ناوخۆ : هاوردەكردنی پەتاتەی قەدەغەكرد

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە پێناو ساغكردنەوەی بەرهەمی جوتیارانی ناوخۆ هاوردەکردنی پەتاتەی قەدەغەکردووە.

لە نووسراوێکدا کە واژۆی سامی جەلال، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی لەسەرە تێیدا هاتووە، بەمەبەستی ساغكردنەوەی بەرهەمی پەتاتەی جوتیارانی هەرێم لەسەر فەرمانی وەزیری ناوخۆ كاری پێویست ئەنجامبدەن بە قەدەغەكردنی هاوردەكردنی پەتاتە لەدەرەوەی هەرێمی كوردستان.

لای خۆشییەوە، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ رایگەیاندوە: ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ هەماهەنگن بۆپاراستنی بەرهەمی جوتیارانمان و لەپێناو پاراستنی بەرهەمی جوتیارانمان چەندین بەرهەمی هاوردەمان قەدەغەكرد.

وەزیری کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەشکردووە: لەماوەی رابردوو زانیاریمان دەستكەوت كە لە چەند دەروازەیەك بەرهەمی قەدەغەكراو هاوردە دەكەن، ئەمەش كاریگەری راستەوخۆی لەسەر بەرهەمی جوتیارانمان دەبێت، بۆیە نوسرامان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران كرد بۆ ئەوەی هەماهەنگی پێویستمان لەگەڵ بكەن و رێگربن لە هاوردەكردنی بەرهەمی قەدەغەكراو.

Back to top button