تویتەر بۆ ڕێککەوتنی كۆتایی لەگەڵ تیکتۆك لە گفتوگۆدایە

کۆمپانیای تویتەری ئەمریکی لە گفتوگۆدایە لەگەڵ کۆمپانیای تیکتۆك، بە مەبەستی تێهەڵکێشکردنی هەردوو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە، سەرەڕای هەوڵەکانی مایکرۆسۆفت بۆ کڕینەوەی تۆڕە چینییەکە.

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرنەڵ، بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەك، ڕاپۆرتێکی لەبارەی گفتوگۆکانی تویتەر و تیکتۆك بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە دیار نییە تویتەر دەگات بە ڕێککەوتن یاخود نا، بەوپێیەی کۆمپانیا ئەمریکییەکە ڕووبەڕووی ڕێکارە توندەکانی وڵاتەکەی دەبێتەوە کە لە بەرانبەر تیکتۆکدا گیراونەتەبەر.

لە ئێستادا، گەورەترین ئاڵەنگاری لەبەردەم کڕینەوەی تیکتۆك، بڕیارەکەی ئیدارەی ترەمپە بە قەدەغەکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە کە دوای 45 ڕۆژی دیکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لەلایەکی دیکەوە، کۆمپانیای مایکرۆسۆفت لە گفتوگۆیەکی چڕدایە بۆ کڕینەوەی تۆڕەکە، هەروەها لە ڕیزی پێشەوەی ئەوانەیە کە دەتوانێت ڕێکارەکانی حکومەتی ئەمریکا بگرێتە ئەستۆ، بەوپێیەی سەرمایەی کۆمپانیاکە زیاتر لە ترلیۆن و نیوێکە، کەچی سەرمایەی تویتەر نزیکەی 29 ملیار دۆلارە. بەمپێیەش ئەگەر تویتەر بەنیازی ڕێککەوتن بێت لەگەڵ تیکتۆك، دەبێت یارمەتی لە وەبەرهێن و سەرمایەدارانی دیکە وەربگرێت.

Back to top button