به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی به‌ هۆی دزینی سێ ملیار دینار له‌ هه‌رێمی كوردستان سزای شه‌ش ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا سه‌پێندرا

دوای ئه‌وه‌ی دوو ساڵ له‌مه‌و به‌ر سێ ملیار دینار له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی جێبه‌جێكردنی سلێمانی دیار نامێنێت، دۆسیه‌ بۆ تاوانه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌درێت و به‌ هۆیه‌وه‌ چوار كه‌س ده‌ستگیر ده‌كرێن، پاش چه‌ندین دانیشتن ئه‌مڕۆ دۆسیه‌كه‌ یه‌كلا كرایه‌وه‌ كه‌ چه‌ند كه‌سێك به‌ هۆی دۆسیه‌كه‌ سزا دران.

به‌ پێی زانیاریه‌كانی ده‌زگای میدیای خواكوڕك ئه‌مڕۆ دادگای سلێمانی بڕیاری كۆتایی له‌سه‌ر دۆسێی دیارنه‌مانی سێ ملیار دیناره‌كه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی جێبه‌جێكردنی سلێمانی ده‌ركرد و سزای زیندانیكردنی به‌سه‌ر دوو تۆمه‌تباردا سه‌پاند و چوار تۆمه‌تباری دیكه‌یشی ئازاد كرد.


سه‌رچاوه‌ی زانیاریه‌كانی خواكوڕك ئه‌وه‌ی ئاشكرا كرد كه‌ دادگا سزای شه‌ش ساڵ زیندانیكردنی به‌سه‌ر دوو تۆمه‌تباردا سه‌پاند، كه‌ یه‌كێكیان به‌ڕێوه‌به‌ری گشتییه‌و ئه‌وی دیكه‌ش فه‌رمانبه‌ر بوه‌ به‌ پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ژمێریاری، كه‌ دزیكه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌و دوو كه‌سه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌و هه‌روه‌ها چوار تۆمه‌تباری دیكه‌ی ناو دۆسیه‌كه‌ش به‌هۆی نه‌بونی به‌ڵگه‌ی سه‌لمێندراو و بونی به‌ڵگه‌ی لاواز، دادگا بڕیاری ئازادكردنیانی ده‌ركردوه‌ و بێتاوان ده‌رچون.

دادگای سلێمانی ماوه‌ی دوو ساڵه‌ كار له‌سه‌ر دۆسیه‌ی دیارنه‌مانی بڕی سێ ملیار دینار له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی جێبه‌جێكردنی پارێزگاكه‌ ده‌كات و ئه‌مڕۆش كۆتایی به‌ كه‌یسه‌كه‌ هێنا.

Back to top button