به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سۆران له‌ دوو هه‌فته‌ی رابردوو 18 كارمه‌ند و پزیشكی نه‌خۆشخانه‌ی ئاشتی تووشی كۆرۆنا بوونه‌

 

دوای ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی رابردوو 18 پزیشك و كارمه‌ندی ته‌ندروستی له‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئاشتی تووشی كۆرۆنا بوون، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سۆران راگه‌یێندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌و داوا له‌ هاووڵاتیان ده‌كات كه‌ سه‌ردانی كردنیان بۆ نه‌خۆشانه‌ی ئاشتی كه‌م بكه‌نه‌وه‌.

 

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، به‌ڕێو‌به‌رایه‌تی نه‌خۆشخانه‌ی ئاشتیی له‌ سۆران رایگه‌یاند، ته‌نیا له‌ ماوه‌ی 2 هه‌فته‌دا 18 پزیشك و كارمه‌ندی ته‌ندروستی له‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌یان تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونه‌ و داوای له‌ هاووڵاتیان كرد، ئه‌گه‌ر پێویست نه‌بێت سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ نه‌كه‌ن.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ “كوردستان24” نێردراوه‌، هاتووه‌: بەهۆی بەرکەوتنیان لەگەڵ نەخۆشه‌كان، تەنیا لە ماوه‌ی 2 هەفتەدا 18 پزیشك و کارمەند لەبەشە جیاوازەکانی نەخۆشخانەی ئاشتی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، بۆیە دەستەی کارگێڕی نەخۆشخانەی ئاشتی داوا لە نەخۆش و ئەو هاووڵاتیانە دەکات، کە سەردانی نەخۆشخانە دەکەن:

  1. ئەگەر زۆر پێویست نەبوو سەردانی نەخۆشخانە نەکەن.
  2. تکایە سەردانی نەخۆش مەکەن لە نەخۆشخانە.
  3. تەنها یەك هاوەڵ لەگەڵ نەخۆش سەردانی پزیشك بکات بۆ پاراستنی گیانی خۆت و نەخۆش و هاووڵاتیان.
  4. پێویستە نەخۆش وهاوەڵی نەخۆش پابه‌ندی (ماسک + دەستکێش- دەستەوانە) بن، بەپێچەوانەوە رێگایان پێنادرێت بێنە ناو نەخۆشخانە.
  5. پێویستە هاووڵاتی (احالە) لەبنکەی تەندروستی بهێنێت بۆ بینینی پزیشکی پسپۆڕ لەبەشە راوێژکارییەکان. بەمەش بەریەكکەوتن و قەرەباڵغی و ئەگەری گواستنەوەی ئەم ڤایرۆسە کەم دەکرێتەوە
Back to top button