سەرۆك بارزانی بۆ سەربەخۆیی لە داڤۆس ە
بهمن کاك عبداللە
بارزانی لەسەروی هەموو سەرکردەکانی کورد ، فیدراڵی جوگرافی مێژووی بۆ کوردستان لەدەستوری عێراق چەسپاند و لەسەر بنەمای یەکێتی ئارەزوو مەندانە و تەوافق بەشداری عێراقی تازەی کردەوە ، دوای چەندساڵێك دەرکەوت کە عێراقیەکان باوەڕیان بەتەوافق و مافی یەکسانی بۆ کورد نیە .
بارزانی هەنگاوەکانی سەربەخۆیی دەست پێکرد ، دبلۆماسیەتی کوردی لە سەر ئاستی ناوچەکە و جیهان بەرەو پێشەوە برد، کاتێك مالکی بوجەی کوردستانی بڕی بارزانی دەستی کرد بەبنیات نانی ئابوری سەربەخۆ لە ڕێگەی خۆماڵی کردنی نەوت و هێنانی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوت بۆ کوردستان و دەرهینان و هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان .
پێش هاتنی داعش بارزانی ووتی نابێ جارێکی تر خوێنی کورد بڕژێت ، گەر ڕژا دەبێت بۆ سەربەخۆیی بێت .
کاتێ داعش ڕووی کردە عێراق و پەلاماری کوردستانی دا ، دەرکەوت کەئاستی دبلۆماسیەتی بارزانی لەچ ئاستێکدایە، کاتێک هیزی ئاسمانی هاوپەیمانان لەسەر داوای بارزانی هەولێر یان پاراست ، دواتر بارزانی کورد و پێشمەرگەی بردە نێو گەورەترین هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و پێشمەرگەی بەنویترین چەکی جیهانی پڕچەك کرد ، پێشمەرگە بەسەرکردایەتی بارزانی سەرجەم خاکی داگیر کراوی کوردستانی ئازاد کرد و لەسەر سنور خەندەقی لێداوە ، ریککەوتنی سەربازی بۆ ماوەی چوارساڵ لەگەل ئەمریکا ئیمزاکردوە بۆ پاراستنی کوردستان .
بارزانی لە کۆنگرەی میونخ ڕایگەیاند ، سایکس بیکۆ کۆتایی هات ، سنورەکان بەخوێن دادەڕێژرێتەوە ، بارزانی لەدوا سەردانی بۆ بغداد بە هێزە عێراقیەکانی ڕاگەیاند عێراقی هاوبەش و تەوافوقی کۆتایی هات دەکرێت ئیدی دوو دراوسێ ی باش بین ، هاتنی سەرکردەکانی جیهان بۆ بغداد و هەولێر و مانەوەیان لە هەولێر ئاماژەیەکی ڕوونە کە کوردستان چی دی عێراق نیە .
بارزانی لە ئاستی ناوخۆ لەماوەی ئەو دوو ساڵەی ڕابردوو دوچاری زورپیلانی ئیقلیمی کەبەدەستی کورد جێ بەجێ دەکرا دژی هەنگاوەکانی سەربەخۆیی بویەوە ،وەک هێنانی حشدی شەعبی و دروستکردنی خۆپیشاندان و پەکخستنی دام و دەزگای ئیداری و خویندن لە زۆنی سەوز و هەوڵی پارچەکردنی کوردستان و هینانی مالکی و هەوڵدان بۆ ڕادەستکردنەوەی نەوتی کرکوک بەبغداد و هاتنی پەکەکە و قەیرانی قورسی دارایی .
بارزانی لەئاستی ناوخۆ هاوشان لەگەڵ حکومەت دەستی کردوە بەچاکسازی و چاوەروان دەکرێت ، لەمانگی ۳ ی ئەمساڵ دەرئەنجامی دڵخۆشکەری لێ بکەوێتەوە .
بارزانی لە داڤۆس ە ، کە گۆنگرەیەکی گرنگی ئابوری جیهانیە و زۆر لەسەرکردە و سیاسیەکانی جیهان بەشدارن تێیدا ، بارزانی بۆیە لە داڤۆسە تابەسیاسیەکانی جیهان ڕابگەیەنێت کە دەوڵەتی کوردستان لەدایك بوونی نزیك بوەتەوە ، هیوادارین پشتیوانی بن ، هەروەها دەیەویت لە ڕێگەی بەشداربوانی داڤۆس ەوە ، پشتیوانی ئابوری بۆ دەوڵەتەکەی بەدەست بهێنێت .
لێدوانی بارزانی بۆ ڕۆژنامە نوسان زۆر ڕوون بوو .
ـ دەوڵەتان پشتیوانی سەربەخۆیی دەکەن بەڵام پێشتر ڕای ناگەیەنن .
ـ لەگەڵ عێراق هەوڵدەدەین بەڕێککەوتن ، سەربەخۆیی ڕابگەیەنین ، گەر ڕێککەوتن نەبوو ئێمە هەنگاوی خۆمان دەنێین .
ـ لەکاتی گونجاو و پێویست سەردانی ئێران دەکەم .
ـ ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی گرنگە ، دەبێت کۆبوونەوە و ڕێککەوتن لەگەڵ هەموو حزبەکان بێت ، کۆبونەوەی پێنج قۆڵی جاریکی تر ناکریت ، دەسپێشخەریمان کردوە بۆ ریککەوتن گەر نەهاتنە پێش خۆمان هەنگاوی پێویست دەنێین .
لە کۆتاییدا دەڵێم هەر حزبێك عاقل بێت لەگەل بارزانی ڕێك دەکەوێت ، چونکە بارزانی سەربەخۆیی کوردستانی تەواو کردوە ، خۆی بەتەنهاش بێت ڕای دەگەیەنێت ، ئەوسا مێژوو لە دژەکانی سەربەخۆیی و بارزانی خۆش نابێت .