پەیامە تازەکەی بارزانی
کارزان سەباح هەورامی
قسەی راشکاوانەی مەسعوود بارزانی، لەبارەی پرسی ئەمەریکا و عێراقی داهاتوو زۆر ڕوونە، لە دواین چاوپێکەوتنی لەڕۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)، دەڵێت: “پێشوازی لە مانەوەی هێزی ئەمەریکا لە کوردستان دەکەین، هیوادارم ئهمریكا ههڵهكهى دووباره نهكاتهوه. پێشتر ئاگادارى ئهو بهرپرسه ئهمریكییانهم كردهوه كه له ساڵانى 2010 و 2011 لهعێراق بوون و پێمگوتن ئهگهر هێزه ئهمریكییهكان بكشێنهوه، ئهوه دهبێته ههلێك بۆتهشهنهكردنى تیرۆرئهگهر ژمارهیهكی دیاریكراو له هێزه ئهمریكییهكان له عێراق بمایهتهوه، داعش نهیدهتوانى مووسڵ و ڕومادى بگرێت”.
بارزانی دەیەوێت پەیامێک بگەیەنێت، بەوەی داهاتووی عێراق هێشتا نادیارە، چونکە هەژموونی حوکمێکی تایفەگەری پاڵ بە عێراقەوە دەنێت، ئەگەری هەرجۆرە کودەتایەک پێشبینی کراوە، بەتایبەت لە ئێستادا کە عێراق بەشێوەیەکی فەرمی هێزە سەربازییەکانی بوە بە دوو بەشەوە بەشی میلیشیاکان کە راستەوخۆ سەر بە نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراقن، کاریش دەکات بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بگەرێتەوە سەر حوکمی عێراق و میلیشیاکانیش بکاتە پشتیوانی، سوپای عێراق و پۆلیسی ناوەندی کە حەیدەرعەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، راستەوخۆ سەر بە حکوومەتی عێراقی دەزانێت، لەوە دەچێت ڕوانگەی بارزانی لەوەوەبێت کە دوای مووسڵ عێراق بەرەو دابەش بوون دەچێت، دوورنییە داعشێکی دیکە لەبەرگێکی دیکە دووبارە نەبێتەوە، بۆیە گرنگە ئیدارەی نوێی ئەمەریکا لەوە تێبگات کە بڕیاری کشانەوەیان لە عێراق کارەساتی دروستکرد، کە دواجار داعشی بەشێک لە عێراقی داگیرکرد، لەوە دەچێت پرسیاری شاراوەی بارزانی لە ئیدارەی نوێی ئەمەریکا ئەوە بووبێت کە چ گەرەنتیەک هەیە، بە کشانەوەی ئەمەریکا لە عێراق هێزەی جیاوازەکانی ناو عێراق لە کۆنترۆڵی حکوومەتی عێراق دەمێننەوە؟.
بارزانی، زۆر بە راشکاوانە لە کۆنگرەی (داڤۆس) باس لە ڕۆڵی ئێران دەکات لە عێراقدا. گرنگە ئەم باسە چونکە، سیاسەتی ئێران لە بەحرێن و سوریا و ئەفغانستانیش باش دەبینرێت، هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن، لە بۆشایی سیاسەتی ئەمەریکا، ئێران ڕۆلی بەهێزتر لە ناوچەکە دەبینێت، ئێستا پرسیاری گرنگ لەبەردەم ئیدارەی (دۆناڵد ترەمپ) ئەوەیە کە ئەگەر ئەوان ئەمەریکایەکی بەهێزیان دەوێت، دەتوانن بەم سیاسەتەوە لە ناوچەکە یاریەکی بەهێز بکەن؟ بێ گومان وەڵامەکەی ڕوونە، لەماوەی رابردوو دەسەڵاتدارانی سعوودیە وەڵامی هەمان پرسیاریان دایەوە کە ئەو وڵاتانەی پشتیوانی لە سیاسەتی ئەمەریکا دەکەن، نەیان توانی ئامانجەکانیان وەک خۆیان بهێننەدی، چونکە سیاسەتی هاتنە پێشەوەی ئەمەریکا زۆر بە لاوازی دەرکەوت، لەوە دەچێت قسەکانی بارزانی لەوەوەبێت کە بە نەمانی داعش لە ناوچەکە بەتایبەت لە عێراق و سوریا بۆشاییەکی گەورە لە بەرێوەبردنی وڵات دروست ببێت، کە دەرئەنجام ئەم لاسەنگەیە هاوکێشە سیاسییەکان دەگۆڕێت، هەروەک ئەوەی لە عێراق ڕوویدا، فشاری سەدرییەکان بۆ کشانەوەی ئەمەریکا لە عێراق و خواستی هەندێک لایەن وای کرد لە کشانەوەی ئەمەریکا ناوەندی بریاری عێراق تووشی شکستهات و دواجار داعش هاتە شاری مووسڵ، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە بەکشانەوەی ئەمەریکا دووبارە لە عێراق کارەسات ڕووبداتەوە.
ئێستا ئەمەریکا لەجیاتی کشانەوە لە عێراق تادێت ژمارەی سەربازەکانی زیاتر دەکات چاوەڕوان دەکرێت گەورەترین بنکەی سەربازی لە کوردستان بکاتەوە، بارزانیش پشتیوانی لێ دەکات، چونکە بەمانەوەی پێگەی ئەمەریکا لە ناوچەکە وادەکات، هەندێک هاوکێشە گۆڕانکاری بەسەردابێت، لەوانە چارەنووسی ئیدارەی مووسڵ دەبێت لە رێگای خەڵکی مووسڵەوە بڕیاری لەسەر بدرێت نەک لە رێگای هاوکێشەی سیاسییەوە کە بە نەمانی ئەمەریکا لە عێراق ئەم پارێزگایە ڕووبەڕووی گەورەترین مەترسی دەبێت بەتایبەت ململانێکانی نێوان تورکیا و ئێران و عێراق لەسەر چارەنووسی ئەو شارە.
دواجار لەوە دەچێت پەیامێکی دیکەی بارزانی لەسەر پرسی ئایندەی ناوچەکە لەوەوە بێت کە ئیدارەی نوێی ئەمەریکا چی پێ دەبێت بۆ داهاتووی کوردستان؟ چونکە واهەست دەکرێت کە لە چۆنیەتی هاوکاری کردنی هەرێمی کوردستان، هەنگاوی باشی نابێت، بەڵام دۆخی ئێستا ئەوە دەخوازێت کە ئەمەریکا بڕیار بدات، ئەوەی هەست دەکرێت کە ستافی نوێی ئیدارەی ئەمەریکا زیاتر بەرەو ئاراستەی بڕیار دەڕۆن هەروەک ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت: “گرنگە ئەمەریکا زیاتر بێتە پێشەوە”.