وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەردانەکەی وەزیری بەرگری تورکیای هەڵوەشاندەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی ئاب، وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند سەردانەکەی وەزیری بەرگری تورکیا، خلوسی ئاکاری هەڵوەشاندوەتەوە کە بڕیاربوو سبەی پێنجشەممە بگاتە بەغدادی پایتەخت، ئەمەش دوای هێرشەکەی دوێنێی تورکیا بۆ سەر پاسەوانانی سنوور لە هەرێمی کوردستان و گیانلەدەستدانی دوو ئەفسەری پاسەوانی سنوور.

لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بڵاویکردەوە، بە هەموو شێوەیەک هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق کە دوێنێ لە ناوچەی سیدەکان ئەنجامیدا، ڕەتدەکەینەوە و بە توندی سەرکۆنەی دەکەین.

لە راگەیەنراوێکدا ئاماژە بەوەشکراوە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگهێشتی نوێنەری تورکیا دەکات و نوسراوێکی ڕادەست دەکات کە بە زمانێکی توند نوسراوە، پێی ڕادەگەیەنێت عێراق بەتەواوەتی دەستدرێژی و پێشێلکارییەکانی تورکیا لە وڵاتەکەدا ڕەت دەکاتەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە دوێنێ سوپای عێراق ڕایگەیاند، لە دەڤەری سیدەکات بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە دوو ئەفسەری پلە باڵای عێراقی سەر بە پاسەوانی سنوور کوژراون و دوو کەسی دیکە برینداربوون.

Back to top button