وەزیری شارەوانی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی چەندان پڕۆژەی گهورهی دەركرد
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیاری داوە سەرجەم ئەو پڕۆژانەی تا ئێستە كاریان تێدا نەكراوە، زەوییەكانیان لە سەرجەم ئەو وەبەرهێنەرانە وەربگیرێتەوە كە بە گرێبەستی بانەوانی “مساتەحە” وەریان گرتووە.
ئەمڕۆ چوارشەممه 12ـی ئاب، بەپێی نووسراوێكی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی گەشتوگوزار بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی شارەوانیی شارەكان هاتووە، بڕیار دراوە بە هەڵوەشاندنەوەی تەرخانكردنی زەوی بۆ ئەو پڕۆژانەی كە بەگرێبەستی بانەوانی (مساتەحە) دراون، بەڵام لە ماوەی یاساییدا دەست بەجێبەجێكردنی پڕۆژەكان نەكراوە.
لە نووسراوەكەدا ڕوون كراوەتەوە، بڕیار دراوە بەهاوئاهەنگی لەگەڵ فەرمانگەكانی دەستەی وەبەرهێنان بە هەڵوەشاندنەوەی تەرخانكردنی زەوی بۆ ئەو پڕۆژانە كە مۆڵەتی وەبەرهێنانیان لە ڕابردوودا پێ دراوە، بەڵام دەستیان بەجێبەجێكردنی پڕۆژەكان نەكردووە.
ئەو بڕیارەی وەزیری شارەوانی ئاراستەی شارەوانییەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە كراوە و داوای جێبەجێكردنی كراوە.