لە شاری جەددەی سعودیە دوو خۆكوژ خۆیان تەقاندەوە

خواكوڕك
دوای ئەوەی دوو چەكداری خۆكوژ لە شاری جەددەی سعودیە لە لایەن هێزە ئەمنیەكانی ئەو وڵاتە گەمارۆدران خۆیان تەقاندەوە, پۆلیس رایگەیاند كە چەكدارێكی دیكەش لەگەڵ هاوژینەكەی دەستگیركران.

هێزە ئەمنییەكانی سعودیە رایگەیاند پالپشت بە زانیاری هەوالًگری لەیەك كاتدا هەڵیانكوتایە سەر دوو شوێن، كە (تیرۆرستان) هەردوو شوێنەكەیان بۆ پشوودان و دروستكردنی بۆمب و پشتێنەی بۆمبڕێژكراو بەكارهێناون.

لەگەڵ ئەوەی هێزە ئەمنییەكان داوایان لێكردوون خۆیان بەدەستەوە بدەن، بەڵام ئەو دوو چەكدارە رەتیان كردووەتەوە و دەستیان بە تەقەكردن كردووە، لەبەرامبەردا هێزە ئەمنییەكانیش بەرپەرچیان داونەتەوە, پاشان خۆیان تەقاندۆتەوە.

وەزارەتی ناوخۆی سعودیە لە راگەیێندراوەكەدا ئاماژەی بەوە كردووە، دوو چەكدارە دوای بێ ئومێدبوون لە رزگاربوون و نەكەوتنە ژێر دەستی هێزە ئەمنییەكان، خۆیان تەقاندووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی تەقینەوەی شوێنەكە، كە وەكو كارگەی دروستكردنی بۆمب بەكاریانهێناوە.

هەمان كات لە گەڕەكی نەسیم-ی پارێزگای جەددە، هێزە ئەمنییەكان هەڵیانكوتاوەتە سەر شووقەیەك كە كەسێكی لێبووە و پەیوەندی لەگەڵ ئەو دوو چەكدارە هەبووە، پێش ئەوەی بەرگریش لە خۆی بكات، دەستگیركراوە.

دەستگیركراوەكە رەگەزنامەی سعودی هەیە و ناوی (حوسام صاڵح سەمیران)ە، هاوژینەكەشی ناوی (فاتیمە رەمەزان بالوشی)یە و رەگەزنامەی پاكستانی هەیە، ئەویش دەستگیركراوە، لە شووقەكەش دەست بەسەر چەندین پارچە چەكدا گیراوە.

وەك لە راگەیێندراوەكەی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی پێدراوە، هێزە ئەمنییەكان دەستیان بە لێكۆڵینەوە لە دەستگیركراوەكان و ئاشكراكردنی ناسنامەی خۆكوژەكان كردووە، دوای وەرگرتنی زانیاری پێویست ئاشكراكردنی ناسنامەی دوو خۆكوژەكە كردووە و، لە ئایندەیەكی نزیكدا ناسنامەیان ئاشكرا دەكەن.

Back to top button