حکومەتی هەرێم بە توندی وەڵامی یەکگرتووی ئیسڵامی دەداتەوە

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی له‌سه‌ر بابه‌تی كۆرۆنا و دۆخی دارایی هه‌رێم كۆمه‌لێك تۆمه‌تی ئاراسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانكرد، گوته‌بێژی حكومه‌ت وه‌ڵامی تۆمه‌ته‌كانی یه‌كگرتووی ئیسلامی ده‌داته‌وه‌.

له‌ راگه‌یێندراوه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌، ئه‌مرۆ ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی، پەیوەست بە کێشە و قەیرانە هەنوکەییەکان، بە شێوەیەکی ناواقعیانە کۆمەلێک تۆمەتی بێ بنەمایان ئاراستەی حکومەتی هەرێم کردووە. لە بارەی پەتای کۆرۆنا ، حکومەتی هەرێم هەر زوو رێکاری کاریگەری گرتەبەر، بەڵام بەداخەوە هەندێ هێز و لایەن هەوڵیاندا خەڵک لە دژی رێکارەکان هان بدەن و ئێستاش کە پەتایەکە تەشەنەی کردووە، هەر ئەو هێز و لایەنانە دەکەونە وێزەی حکومەتی هەرێم.

 

هه‌روه‌ها گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاندووه‌ كه‌ حکومەتی هەرێم پێشوازی لە هەر پێشنیار و رێکار و بۆچوونێک دەکات کە لە خزمەتی هێورکردنەوەی دۆخەکە و تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە نەخوازراوانە بێت و بێگومان هەر هەوڵێکیش بۆ گرژی و ئالۆزیی زیاتر، لە بەرژەوەندیی هیچ کەس ولایەنێکدا نابێت و لێکەوتە نێگەتیڤەکانی بە زیانی هەموو هەرێمی کوردستان دەبێت.

ده‌قی راگه‌یێندراوه‌كه‌ی گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم

حکومەتی هەرێمی کوردستان خوازیارە بە هاوکاریی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم، ئەم دۆخە سەختەی تەندروستی و دارایی و لێکەوتە سیاسییەکانی تێپەڕێنێت. ئەرکێکی نیشتیمانیی سەرشانی هەموو لایەکمانە کە دۆخی تەندروستیی هاووڵاتیان و بژێوی و ژیانیان، کە دەرەنجامی دۆخێكی نەخوازراون، نەکرێت بە کەرەستەی موزایەداتی سیاسی.

ئه‌مرۆ ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی، پەیوەست بە کێشە و قەیرانە هەنوکەییەکان، بە شێوەیەکی ناواقعیانە کۆمەلێک تۆمەتی بێ بنەمایان ئاراستەی حکومەتی هەرێم کردووە. لە بارەی پەتای کۆرۆنا ، حکومەتی هەرێم هەر زوو رێکاری کاریگەری گرتەبەر، بەڵام بەداخەوە هەندێ هێز و لایەن هەوڵیاندا خەڵک لە دژی رێکارەکان هان بدەن و ئێستاش کە پەتایەکە تەشەنەی کردووە، هەر ئەو هێز و لایەنانە دەکەونە وێزەی حکومەتی هەرێم.

لە بارەی ڕەوشی داراییش کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم هەموو هەولێکی لەگەڵ بەغدا داوە تاکو بە رێکەوتنێکی شایستە و دەستووری بگەین، بەڵام تاکو ئێستاش بەغدا خۆی لە گەیشتن بە رێکەوتنی کۆتایی دەدزێتەوە، زۆرێک لە هێزەکانی ناوخۆش بەردەوام، بەغدا هان دەدەن کە لەگەڵ هەرێم بە رێکەوتن نەگەن، تاکو دۆخی ناوخۆی هەرێم ئاڵۆزتر ببێت و ئەو هێزانە سوود لەو ئاڵۆزییانە وەرگرن، ئەمەش یاری کردنە بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی هەرێم.

حکومەتی هەرێم پێشوازی لە هەر پێشنیار و رێکار و بۆچوونێک دەکات کە لە خزمەتی هێورکردنەوەی دۆخەکە و تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە نەخوازراوانە بێت و بێگومان هەر هەوڵێکیش بۆ گرژی و ئالۆزیی زیاتر، لە بەرژەوەندیی هیچ کەس ولایەنێکدا نابێت و لێکەوتە نێگەتیڤەکانی بە زیانی هەموو هەرێمی کوردستان دەبێت.

گوتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان
2020/8/12

Back to top button