پنتاگۆن: لە مانگی داهاتوودا هێزەکانمان لە عێراق کەمدەکەینەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی ئاب، جەنەراڵ کینیس ماکینزی جۆنیۆر، فەرماندەی گشتیی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکی، ڕایگەیاند واشنتۆن لە مانگی داهاتووەوە هێزەکانی لە عێراق و سووریا کەمدەکاتەوە.
جەنەراڵ کینیس ماکینزی جۆنیۆر ڕایگەیاند، ئەمریکا و هێزەکانی ناتۆ بەشێک لە هێزەکانیان دەهێڵنەوە بۆ هاوکاریکردنی عێراق لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، بەڵام بەرپرسانی سەربازی ئەمریکی دەڵێن، گفتوگۆکان لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی بەردەوامە تاوەکو هێزەکانمان بۆ نزیکەی 3500 سەرباز کەمبکەینەوە.
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، لە زستانی ڕابردوودا پێشنیاریکرد، سەرجەم هێزەکانیان بکشێننەوە، کە ژمارەیان لە سوریا 1000 سەرباز بوو، ئێستا لەو ژمارەیە نزیکەی 500 سەربازیان بۆ هاوکاری هێزە کوردی و سورییەکان ماوەتەوە، لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعش.
هەروەها واشنتۆن ئاشکرایکرد، هێزەکانیان لە ئەفغانستان کەمدەکەنەوە بۆ نزیکەی 5000 سەرباز لە کۆی 8600 سەرباز.