د. بەشیر حەداد : زەرەرمەندی سەرەکی لە دواکەوتنی کۆبوونەوەکان و نەگەیشتن بە رێککەوتن، هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانن
نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیاندراوێکدا ، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا دەکات پەلە بکەن لە بەردەوامی دانووستانەکان ، بۆ ئەوەی بە زوووترین کات بگەنە ڕێکەوتنێکی تۆکمە لە سەر بنەماکانی دەستوور .
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە ئەو داواکارییە لە دوای ئەوە دەێت لە چەند رۆژی رابردوودا، دوو بەیاننامە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە سەبارەت بە پابەندییە دەستوورییەکانی هەردوولا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بڵاوکرانەوە
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی نوسینگەی ڕاگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
رۆژی پێنج شەممە ٢٠٢٠/٨/١٣ دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوای لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد پەلە بکەن لە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان و، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیشیان بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی دانوستاندن و کێشەکان لە چوار چێوەی دەستووردا چارەسەر بکەن.
داواکارییەکەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوای ئەوە دێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا، دوو بەیاننامە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە سەبارەت بە پابەندییە دەستوورییەکانی هەردوولا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بڵاوکرانەوە.
دکتۆر بەشیر حەداد، داوا لە هەردوولا دەکات بەردەوامی بدەن بە کۆبوونەوەکانیان و تەواوکردنی ئەو رێککەوتنامەیەی کە لە نێوان هەردوولادا کرابوو بەپێی دەستوور و یاسا بۆ چارەسەرکردنی کۆی بابەتەکان و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا.
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا کە زەرەرمەندی سەرەکی لە دواکەوتنی کۆبوونەوەکان و نەگەیشتن بە رێککەوتن، هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانن.
حەداد ئاماژەش بەوەدەکات کە، لەسەر حکومەتی فیدراڵی پێویستە پابەندبێت بە دابینکردنی شایستەداراییەکان و موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان وەکو چۆن بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق دابینی دەکات و لەبەرامبەریشدا پێویستە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند بێت بە باپەندییە دەستوورییەکان و لەو چوارچێوەیەدا هەردوولا بگەنە رێکەوتنێکی هاوبەش بۆ بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان بەغدا و هەولێر.
نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
٢٠٢٠/٨/١٣