هه‌ولێر وه‌ڵامی به‌غدای دایه‌وه‌و وه‌زاره‌تی دارای له‌و باریه‌وه‌ به‌یاننامه‌یه‌كی راگه‌یاند

دوای ئه‌وه‌ی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی چوارشه‌ممه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یێندراوێك بڵاوكرایه‌وه‌ تێیدا داوا له‌ به‌غدا كرا پابه‌ندیه‌ ده‌ستوریه‌كانی خۆی به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێبكات، وه‌زاره‌تی دارای عێراق له‌ وه‌ڵامی راگه‌یێندراوه‌كه‌ی حكومه‌ت رایگه‌یاند كه‌ به‌شێك له‌ فه‌رمانبه‌ران داوا ده‌كه‌ن كه‌ راسته‌وخۆ مووچه‌ بدرێت به‌ فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، له‌ به‌رامبه‌ردا ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ڵامی به‌یاننامه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی ئیتیحادی دایه‌وه‌.

 

ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌یاننامه‌یه‌ك، وه‌ڵامی به‌یاننامه‌ی دوێنێی وه‌زاره‌تی دارایی عێراقی دایه‌وه‌ له‌ به‌یاننامه‌كه‌ كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ستی ده‌زگای میدیایی خواكوڕك كه‌وتووه‌ هاتووه‌، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌و كاته‌وه‌ی كه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان متمانه‌ی پێ به‌خشراوه‌، سیاسه‌تی چاره‌سه‌ركردنی ریشه‌یی سه‌رجه‌م كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ئیتیحادی له‌ چوارچێوه‌ی بنه‌ماكانی ده‌ستووری عێراق گرتووه‌ته‌به‌ر.

 

هه‌روه‌ها له‌ به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌: شاندی دانووستانكاری حكومه‌تی هه‌رێم چه‌ند جارێك سه‌ردانی به‌غدای كردووه‌. له‌ ئه‌نجامی هه‌وڵه‌كان هه‌ردوولا گه‌یشتنه‌‌ تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش له‌ باره‌ی زۆرێك له‌ پرسه‌كان، به‌ڵام ئێمه‌ تێبینی ده‌كه‌ین به‌م دواییانه‌ ده‌ستی ده‌ستی ده‌كرێت و پرسی گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنێكی هاوسه‌نگ له‌ باره‌ی شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم دواده‌خرێت.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا، وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێمی كوردستان چوار خاڵی خستوونه‌ته‌ڕوو، كه‌ پوخته‌كه‌یان به‌م جۆره‌ی خواره‌وه‌یه‌:

یه‌كه‌م: له‌ به‌یاننامه‌كه‌یدا وه‌زاره‌تی دارایی عێراق ده‌ڵێت شایسته‌ داراییه‌كانمان ناردوون و نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ده‌ست فه‌رمانبه‌ران، به‌ڵام ئه‌وه‌ راست نییه‌ و به‌ڵگه‌ی هاوپێچی بڕه‌ پاره‌كانی حكومه‌تی ئیتیحادی له‌ 2014ه‌وه‌ تا نیسانی ئه‌مساڵ خراونه‌ته‌ڕوو، به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕانه‌ی پێویست بووه‌ بیاننێرێت. ئه‌گه‌ر حكومه‌تی ئیتیحادی شایسته‌ی دارایی نه‌نێرێت به‌ ته‌واوی كاریگه‌ری له‌سه‌ر پێدانی مووچه‌ له‌ كاتی خۆیدا ده‌بێت. هه‌ر بۆیه‌ حكومه‌تی هه‌رێم ناچار بووه‌ په‌نا به‌رێت بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و كورتهێنانه‌ و به‌ ته‌واوی حكومه‌تی ئیتیحادی مووچه‌ی مانگه‌كانی (5، 6، 7، 8)ی 2020ی نه‌ناردووه‌ و ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر دابه‌شكردنی مووچه‌ كردووه‌.

دووه‌م: دارایی عێراق هه‌رێم تۆمه‌تبار ده‌كات، گوایه‌ به‌ گوێره‌ی مادده‌ی 114ی ده‌ستوور پابه‌ندبوونی خۆی جێبه‌جێ نه‌كردووه‌ و نه‌رمی نه‌نواندووه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن له‌ باره‌ی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان، به‌ڵام ئه‌وه‌ وه‌زاره‌تی دارایی عێراقه‌ هۆكاری نه‌گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتنه‌، نه‌ك ئێمه‌. جه‌ختیشده‌كه‌ینه‌وه‌ ئیداره‌دانی گومرگه‌كان له‌ هه‌رێم پێچه‌وانه‌ نییه‌ له‌گه‌ڵ مادده‌ی 114ی ده‌ستوور و به‌ ته‌واوی پێوه‌ی پابه‌ندبووین. به‌ڵام دارایی عێراق ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ كار به‌ ده‌ستوور بكرێت و پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوور و سیستمی فیدراڵی و له‌سه‌ر بنه‌مای ناوه‌ندێتی ره‌فتاری كردووه‌. كێشه‌كه‌ ئیداره‌ی گومرگ نییه‌، به‌ڵكو كێشه‌ی هه‌وڵدانی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌نده‌ بۆ ئیستغلالكردنی ره‌وشی ئابووری له‌ هه‌رێمی كوردستان و وروژاندنی هه‌ست و سۆزی فه‌رمانبه‌ران بۆ هێنانه‌دی روانگه‌ی خۆی له‌ باره‌ی سه‌پاندنی ئیراده‌ی خۆی به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا به‌ پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوور.

سێیه‌م: وه‌زاره‌تی دارایی ئیتیحادی بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كات، له‌ هه‌رێمدا فه‌رمانبه‌ر هه‌بووه‌ داوایكردووه‌ مووچه‌ی ببه‌سترێته‌وه‌ به‌ به‌غداوه‌، سه‌ره‌ڕای بوونی ئه‌و داوایه‌ و راستی ئه‌و داواكارییه‌، به‌ڵام سه‌رنجی وه‌زاره‌تی دارایی بۆ مادده‌ی 117ی ده‌ستوور راده‌كێشین كه‌ دانی به‌ هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاته‌كانیدا ناوه‌ وه‌ك هه‌رێمێكی فیدراڵ له‌ چوارچێوه‌ی عێراقی ئیتیحادیدا و باسكردنی ئه‌و بابه‌ته‌ش ئاماژه‌یه‌ بۆ بوونی نیازی ئیستغلالكردنی ره‌وشی ئابووری هه‌رێم له‌ پێناو ئامانج و ئاراسته‌یه‌كدا كه‌ خزمه‌تی سه‌قامگیری وڵات و به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتییه‌كانی ناكات.

چواره‌م: وه‌زاره‌تی دارایی عێراق، هه‌رێم به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات، گوایه‌ نه‌رمیمان نه‌نواندووه‌، دووپاتیده‌كه‌ینه‌وه‌، ئه‌وه‌ پێچه‌وانه‌كه‌ی راسته‌. ئه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستانه‌ نه‌رمی نواندووه‌ و به‌غدایه‌ ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌ نه‌رمی بنوێنێت بۆ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن. شاندی دانووستانكاری هه‌رێم شه‌ش جار‌ سه‌ردانی به‌غدای كردووه‌. نه‌رمییه‌كی گه‌وره‌ی نواندووه‌ و هیچ پاساوێكی بۆ رێكنه‌كه‌وتن نه‌هێشتووه‌ته‌وه‌. سه‌رجه‌م پێشنیازه‌كانی ئیتیحادی قبوڵ كراوون. به‌ تایبه‌تی له‌ پرسی نه‌وت و داهات و ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان و هه‌رێم ره‌زامه‌ندیشی پیشانداوه‌ كار به‌ حوكمه‌كانی مادده‌ی 29ی یاسای ئیداره‌ی دارایی ئیتیحادی بكرێت، به‌ڵام ئێمه‌ هه‌موو جارێك كاتێك له‌ دانووستانه‌كان هه‌نگاوێك ده‌چینه‌ پێش تووشی تاسان ئه‌بین به‌ هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی مه‌رجی نوێ كه‌ پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوورن و زیانیان بۆ كیانی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌. هه‌رێمی كوردستان ره‌زامه‌نده‌ وردبینی و چاودێری داهاته‌كانی به‌ گوێره‌ی ده‌ستوور بكرێت. ئه‌و به‌یانه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی عێراقیش ته‌نیا بۆ چه‌واشه‌كردنی رایگشتی و شاردنه‌وه‌ی راستییه‌كانه‌.

Back to top button