وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە لوبنان

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران بە سەردانێك گەیشتە وڵاتی لوبنان و بڕیارە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی كاربەڕێكەری ئەو وڵاتە كۆببێتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشكرایكرد، ئەمڕۆ محەمەد جەواد زەریف بە سەردانێك گەیشتۆتە لوبنان و لەگەڵ شەربل وەهبە، وەزیری دەرەوە لە حكومەتی كاربەڕێكەری ئەو وڵاتە و گەورە بەرپرسانی وڵاتەكە كۆدەبێتەوە.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، سەردانەكەی جەواد زەریف تایبەت دەبێت بە تاوتوێكردنی دوایین پێشهاتەكانی پەیوەست بە تەقینەوەكەی بەندەری بەیروت و چۆنیەتی پێشكەشكردنی هاوكارییەكان بە لوبنان و هەروەها خستنەڕووی خاڵە هاوبەشەكانی نێوان هەردوولا.

سەردانەكەی جەواد زەریف لەكاتێكدا دێت خۆپیشاندانەكانی لوبنان دژ بە دەسەڵاتی سیاسی بەردەوامن و بەشی زۆریان داوای هەڵوەشاندنەوەی هەموو دامەزراوە حكومییەكان دەكەن.

Back to top button