بابەکر زێباری : گومان لە سەر کوژرانی دوو فەرماندەی پەسەوانی سنوور و دانەخستنی سنوور لەلایەن تورکیاوە هەیە
![](https://xwakurk.com/wp-content/uploads/2020/08/webste-qalb-wena-60.jpg)
بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە لیداونێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان گومان دەخاتە سەر چۆن کوژرانی دوو فەرماندەی پاسەوانی سنوور لە لایەن تورکیاوە .
هاوکات پرسیارێک ئاراستەی دەسەڵاتدارانی تورکیا دەکات و دەڵێت ئەوان دوایان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە ، سنوورەکانی بە سەر هێزەکانی پەکەکەدا دابخات ، بەڵام ئەوەی پێویستە سنوور دابخات ، ئەوە تورکیایە نەک هەرێمی کوردستان ، چونکە تورکیا دەوڵەتەو خاوەن دەسەڵاتی سەربازی و چەک و چۆڵی تایبەتی بەرگری و پاراستنی سنوورە ، وەک چۆن بە درێژایی 911 کیلۆمەتر سنووری لە گەڵ سووریا پاراستووە با بەو شێوەش سنووری نیوان هەرێم و تورکیا بپارێزێت کە تەنها 315 کیلۆمەترە .
لە بەشیکی تری قسەکانیدا زێباری گوتی : تورکیا بەبێ ھیچ ڕێککەوتن و ھەماھەنگییەک ھاتووەتە نێو خاکی ھەرێمی کوردستان و تەنانەت ھەماھەنگیی لەگەڵ بەغداش نەبووە، بەڕاستی تورکیا کێشەیە بۆ ئێمە، ئەوان دەڵێن بە بەھانەی ھەبوونی چەکدارانی پەکەکە دێینە ناو خاکی ھەرێمی کوردستان و پێویستە پەکەکە لە ھەرێمی کوردستان نەمێنێت.
سەبارەت بە بوونی هێزەکانی پەکەکە ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئاماژه بهوە دەکات ، ئەم کارەی پەکەکە دروست بۆ ئەوەیە ههرێمی كوردستان نەمێنێت، ئەمە حەقیقەتە و ئامانجی پەکەکەش ھەر ئەوەیە، کوردستان چوار پارچەیە، خەڵکێک بەبێ خواستی ئێمە، کوردی دابەشی سەر چوار پارچەی کردووە و ئێستاش ئەو خەڵکەی کوردیان پارچە کردووە ماون و پێویستە ئەمە لەبەرچاو بگیرێت.
لە کۆتاییشدا بە پرسیارێکی لۆژیکی گومان دەخاتە سەر چۆنیەتی کوژرانی پاسەوانانی سنووری و گوتی : باشە ئەگەر ھەرێمی کوردستان زانیاریی بە تورکیا داوە بۆ لێدانی پەکەکە، بۆچی فڕۆکەی تورکیا فەرماندەکانی عێراقی کردووەتە ئامانج و چەکدارانی پەکەکەی لەو ناوە بوردوومان نەکردووە، ئەمە جێگەی گومانە، من لە دوای ڕاپەڕینەوە مامەڵەم لەگەڵ پرسی پەکەکە ھەبووە و ئەوەی من زانیومە لە ھەرسێ چەکداری پەکەکە، دوویان سەر بە ھەواڵگری دەوڵەتێکی ئیقلیمی بوونە، ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە.
سەبارەت بە هەڵوێستی عێراق بابەکر زێباری ڕای وایە ، عێراق ھەڵوێستێکی لاوازی ھەیە بەرامبەر بە تورکیا لەسەر پێشێلکردنی سەروەریی خاکەکەی، ھەتا لە نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵای تومار نەکردووە و ھەڵوێستی بەلاواز دەبینم.