ئاوابوونی جاشایەتی
زكری موسا
فارس و تورك و عەرەبەكان لە سەدەی بیستەمدا لەوەدا شكستیان خوارد دەوڵەتی مرۆڤسالار دابمەزرێنن و ببنە سەرچاوەی ئاشتی و پێشكەوتن لە ناوچەكەدا. كەوتنە دوای هزری توندڕۆی شۆڤینیگەریی نەتەوەیی و پاشان لە فاشیزمی دینی و تاییفەگەریدا نقۆم بوون. ئێستا تاییفەخوازی و ململانێی مەزهەبی مەكینەی سیاسەتی عەرەب و تورك و ئێرانییەكانە. ئەم ململانێیە مەترسییە بۆسەر ژیانی ناوچەكە و جیهان. هەر سێ لا بوون بە سەرچاوەی تیرۆر و سامانەكانیان لە لاوازكردنی یەكتر و ئینكاری نەتەوەكان و لەپێش هەمووشیانەوە نەتەوەی كورد بەكار هێنا.
هەموو هزرێكی توند و گرژ جا دینی بێت یان چپ یان نەژادپەرستی هەر چەندە بەهێز و فراوانیش بێت چارەنووسی نوشست و تێكشكانە، بە هۆكارێكی زۆر سادە، چونكە توندی و فاشیزم دژی ژیان و مرۆڤە و دواجار ئەوە مرۆڤ و بەهاكانیەتی سەركەوتن بەدەست دەهێنن.
لەم نێوەدا گەلی كوردستان لەبەرانبەر ئەو سێ تەوژمەدا خۆڕاگر بووە و لە ڕاستیدا شەڕەكەیشی بردووەتەوە. گەلی كوردستان لە جەنگی بەهاكاندا لەپێشەوەی ڕژێمە دراوسێكانیەتی و هەرگیز وەك ئەوان چاوگی مرۆڤكوژی و تیرۆر نییە. ئەگەرچی هێشتا ئەو بڕوایە لای بەشێكی زۆری ڕۆشنبیر و سیاسییەكانی كورد لاوازە و نەغمەی خۆبەبچووكزانین تاویان دەدات بەڵام واقیع پێمان دەڵێت براوەی ململانێ سەدساڵییەكەی ناوچەكەمان گەلی كوردستانە، ڕاستە هێشتا بێ دەوڵەتین، جیۆپۆلیتیك ئازارمان دەدات و گوشارەكان زۆرن بەڵام گەلی كوردستان خۆی پاراستووە و پێشمەرگە شاكاری كرد و جیهان بە باشی لەم حەقیقەتە دەگات كە ناكرێ لە چەشنی سەدەی بیست مامەڵە لەگەڵ كوردستاندا بكرێت.
سەدەی بیستویەك سەدەی گەلی كوردستانە، ئەمە خەون و دروشم و دەنگۆ نییە. ئەمە نەخشەڕێگەیە بۆ تاك تاكی گەلی كوردستان و حزبەكان و سیاسی و ڕۆشنبیرەكان. گەل خۆڕاگر بوو و پێشمەرگە تابۆكانی شكاند، ئێستا دەبێ ڕۆشنبیر و سیاسیەكانمان چیتر پێشمەرگە و گەل بە تەنیا نەهێڵن و بەو قەناعەتە بگەن جاشایەتیی فكری و سیاسی و جەستەیی ڕووی لە ئاوابوونە. ئەبێ ئەوە بزانن خۆر و بەهاكانی گەلەكەیان لەسەرووی هەموو ئەو ئایدیۆلۆژیا پیسوپۆخڵانەیە كە سیاسی و ڕۆشنبیری كوردی ئەسیر كردووە.