ئەنەكەسە بەشداری كۆبونەوەی ئاستانا دەكات
خواكوڕك
وابڕیارە سبەی كۆبوونەوەی ئاستانە لە وڵاتی كازاخستان بەڕێوە بچێت, بە نوێنەرایەتی هەر یەكە لە وڵاتانی ( ئەمریكاو ڕوسیا توركیا و ئێران و سوریا ) هەروەها بەشداری چەندین گرووپو هێزی رۆژئاوای كوردستان وسوریا لە نێوانیشاندا ئەنجومەنی نیشتمانی كورد لە سوریا بەشدارە.
ئیبراهیم برۆ,سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتیمانی كورد لە سوریا لە بارەی بەشداركردنیان لە ئاستانە بە ئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاندووە:” ئامانجی سەرەكی بەشداربوونمان لە كۆبونەوەی ئاستانا ڕاگرتنی ئەو جەنگە خوێناوییەیە كە بەرۆكی مرۆڤایەتی گرتووە لە سوریا, هەروەها لە كۆبوونەوەكە تەواوی ئەو لایەنانە ئاشكرا دەكەین كە نایانەوێت جەنگ بووەستێت و ئاگربەست دەشكێنن، چونكە چەندین هێزو گروپی جیاجیا هەن بەردەوام لە ئاڵوزتركردنی دۆخی سوریان “.
هەروەها سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتیمانی كورد لە سوریا پەنجە بۆ چەند هێزێكی وەك ( ڕژێمی ئەسەد و چەكدارانی پەیەدە ) ڕادەكێشێت و بە سەرچاوەی پێشێلكاری ناویان دەبات و دەڵێت:” جگە لەوەی ڕژێمی ئەسەد چەكدارانی پەیەدە پێشێلكاری بەرامبەر مافەكانی مرۆڤ ئەنجام ئەدەن تا ئێستاش هەزاران كەسیان لە زیندانەكانی خۆیان دەستبەرسەر كردووەو ئازارو ئەشكەنجە ئەدرێن ومامەڵەی نەشیاویان لەگەڵ دەكرێت, بەشێكیان ژیانیان لە مەترسیدایە و چارەنووسیان نادیارە، بۆیە ئێمە بەردەوام هەوڵی جدی ئەدەین بۆ ڕزگار كردنی دەستگیركراوان لە بەندیخانەكانی ڕژێمی ئەسەد و چەكدارانی پەیەدە.
هەروەها گوتیشی :”چەند گروپێك بە زەبری چەك ناوچە كوردییەكانی سوریا بەڕێوە دەبەن، ڕون و ئاشكرایە پەیەدە لە ناوچە كوردییەكان بە حوكمی لوولەی تفەنگەكانیان مێرمنداڵ و هاوڵاتیان چەكدار دەكەن و ئەندام و لایەنگرانی ( ئەنەكەسە و پەدەكەسە ) دەڕفێنن و بەوەشەوە نەوەستاون بەڵكو دەستیان بە خوێنی هاوڵاتیانی كورد سوور كردووە و رژێمی سوریاش دەستی هەیە لە قوڵبونەوەی ململانێكان “.