پەرلەمانتارێکی گۆڕان سوپاسنامەیەک ئاراستەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات

 

جەلال محەممەد، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان لە سوپاسنامەکەیدا کە ئاراستەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە ئامژە بەوە دەکات شەوی ڕابردوو سەردانی نەخۆشخانەی ئاسوودەیی تووشبووانی کۆرۆنای کردووە لە شار چەمچەماڵ .

 

کاتێک چاوی بە مام عەلی دەکەوێت کە دەکاتە باوکی پێشمەرگەیەکی دیلی دەستی داعش ، داوای لێدەکات لە نەخۆشخانە ئیزنی بدەن بۆ ئەوەی بژیوی خێزانەکەی پەیدا بکات .

 

ئەو داوایە جەلال محەممەد زۆر خەفەتابار دەکات و داوا دەکات ڕێگەچارەیەک بۆ بژیوی خێزانی مام عەلی بگیرێتەبەر ، هەر بۆیەش سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بە دەم داواکەیەوە هاتوون و داوای لە دامودەزگا حکومییەکان کردووە بە هەمووشێوەیەک یارمەتیان بدەن

“.

دەقی سوپاسنامەكەیە

 

سوپاسنامە

دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو سەردانی خەستەخانەی ئاسوودەی تووشبووانی کۆرۆنامان کرد لە چەمچەماڵ، گوزەرانی مام عەلی باوکی ئاکۆ کە پێشمەرگەیەکی دیلی دەستی تیرۆریستانی داعشە زۆر نیگەرانی کردم کە داوایدەکرد ڕێگەی بدەن خەستەخانە جێبهێڵیت بۆ ئەوەی بڕوات نان پەیدا بکات بۆ منداڵەکانی کوڕەکەی.

 

بە سوپاسەوە میدییاکان گرنگییەکی زۆریان بەم هەواڵەداو بەم هۆیەشەوە بەڕێز سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لەسەر ئەم بابەتە هاتە دەنگ و دام و دەزگاکانی ڕاسپاردووە کا هاوکاری مام عەلی بن و بەگرنگییەوە لەسەر ئەم پرسە هاتۆتە سەر هێڵ.

وەک پەرلەمانتاری کوردستان ویژدانم ئاسوودەو مورتاح دەبێت کاتێک بەمجۆرە بتوانم کێشەکانی خەڵک بگەیەنمە شوێنی مەبەست کە دەرئەنجامی مانەوەو بەجێ نەهێشتنی خەڵکە، هەمیشە خزمەتکارو کوڕی خۆتان دەبین.

جەلال محەمەد

ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان

Back to top button