دەوڵەتی یاسا هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز لە دژی هەرێمی کوردستان دەکات

خواكوڕك
لەگەڵ ئەوەی نوری مالیكی سەركردەی دەولەتی یاسا, چەندین جار لە میدیاكان هەڕەشی لە هەرێمی كوردستان‌و پێشمەرگە كرد, ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، مەترسیی هەوڵەكانی دەوڵەتی یاسا لە دژی هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات و دەڵێت: “هەوڵێكی جددی لەلایەن ئیئتیلافەكەی مالیكییەوە هەیە”.

خەلەف عەبدولسەمەد، یەكێك لە سەركردەكانی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕای گەیاندووە، حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە پرسی دەستگرتن بەسەر كێڵگە نەوتییەكاندا لە لایەن پێشمەرگەوە، “كەمتەرخەم” بووە و پێویستە لە كەمترین كاتدا حكوومەتی مەركەزی دۆسیەی نەوت لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان یەكلا بكاتەوە. دەشڵێت: “بەغدا ئەگەر ناچار بكرێت، هێز بەكار بهێنێت”.

ئیسلام حوسێن، پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە (باسنیوز)ی گوتووە: “ئەو پیاوە كەسێكی سەركردایەتیی حزبی دەعوەیە و كەسێكی نزیكە لە نووری مالیكییەوە، كەسێكی شۆفێنی و دارەدەستی مالیكییە”. ئەوەشی ڕوون كردەوە كە ئێستا لەلایەن نووری مالیكییەوە هەڵمەتێك بۆ قسەكردن لە دژی هەرێمی كورستان و فشار دروستكردن لەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستی پێ كردووە. دەشڵێت: “دەیانەوێت شكستی خۆیان بشارنەوە، چونكە ئاگادارین چۆن دەوڵەتی یاسا پیلان لە دژی هەرێمی كوردستان دادەنێت”.

ئەو ئەندامە كوردەی پەرلەمانی عێراق ئەوەی نەشاردەوە كە: “هەوڵێكی جددی هەیە لەلایەن دەوڵەتی یاساوە، بۆ ئەوەی پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق ئاڵۆزتر بكات، ئێستاش هەڕەشەی بەكارهێنانی هێز لەدژی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان دەكرێت، بۆیە بەهیچ شێوەیەك گوێ بە هەڕەشەی دەوڵەتی یاسا نادەین”.

Back to top button