وه‌زاره‌تی دارایی پشكنین بۆ ئۆتۆمبێلی هاورده‌كراو له‌ ده‌روازه‌ سنوریه‌كان قه‌ده‌غه‌ ده‌كات

نووسینگه‌ی وه‌زیری دارایی و ئابووری هه‌رێمی كوردستان سەبارەت بە پشكنینی پێشوەختەی ئۆتۆمبێلی هاوردەكراوو پێدانی بڕوانامەی سی ئۆ سی روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا، جه‌خت لەسەر جێبەجێکردنی بڕگەكانی بەیانی ژمارە 45 ساڵی دووهه‌زار و بیستی هاوبەش لەنێوان وەزارەتی دارایی و ئابووری و وەزارەتی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ها له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌ لەبەر بەرژەوەندی گشتی و ڕێگری کردن لە هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی خراپ و کوالێتی نزم، ئەوا پشكنینی پێشوەختە تەنها لەو وڵاتە دەکرێ کە ئۆتۆمبێلەکەی لێوە هاوردەکراوە، وە بەپێچەوانەوە ڕێگا نادەن ئەم جۆرە پشكنینە لە دەروازەكان ئەنجام بدرێت و ئۆتۆمۆبیل بەبێ بروانامەی ناوبراو هاوردەبکرێت.

هەروەها ڕای ده‌گه‌یه‌نێت سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی باس لە ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختەی ئۆتۆمۆبیل لەدەروازەكانی هەرێمی کوردستان دەكەن ناڕاستن و دوورن لە ڕاستیەوە، وەهەرکەس هۆكاری بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە هەواڵانە بێت، ڕووبەڕوی یاسای دەكەینەوە.

Back to top button