دۆناڵد تره‌مپ پێشبینی ده‌كات سعودیه‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ئاسایی بكاته‌وه‌

سه‌رۆكی ئه‌مریكا پێشبینیی كرد، هاوشێوه‌ی ئیمارات، سعودیه‌ش په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ئاسایی بكاته‌وه‌.

له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ سازیكرد، پرسیاری ئه‌وه‌ له‌ دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا كرا كه‌ ئایا پێشبینی ده‌كرێت سعودیه‌ش بچێته‌ناو رێككه‌وتنه‌كه‌ی ئیمارات و ئیسرائیل، تره‌مپ وتی به‌ڵێ، پێشبینی ده‌كه‌م.

هه‌فته‌ی رابردوو رێككه‌وتنی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیان راگه‌یه‌ندرا، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م رێككه‌وتن بوو له‌ دوای 20 ساڵ كه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتێكی عه‌ره‌بیدا بیكات.

ئیسرائیل هیوای خواستووه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی زیاتر له‌ وڵاتانی عه‌ره‌ب ئاسایی بكاته‌وه‌، بڵام زۆرێك له‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ ئیدانه‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه‌یان كرد و به‌ ناپاكییان له‌قه‌ڵه‌مدا كه‌ ئیمارات له‌ گه‌لی فه‌له‌ستنی كردوه‌.

Back to top button