بزووتنەوەی گۆڕان بەتوندی وەڵامی فراکسیۆنەکەیان لە بەغدا دەداتەوە
دوای ئەوەی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوەکەیدا دوو داوکاریی سەرەکی ئاراستەی حزبەکەیانکرد کە یەکەمیان کشانەوەیە لە حکومەت و بەستنی کۆنفرانسی نیشتیمانییە دوای هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی بزووتنەوەکە.
لە بەرامبەردا گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان راگەیێندراوێکی بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بزوتنەوەی گۆڕان لە دەستپێکی سەرھەڵدانیەوە ھێزێکی سیاسی و مەدەنیە و، پایەکانی لەسەر سیستەمێکی ئاسۆییە و دەستووری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان دیاری کردووە. بەردەوام روانین و دیدگای جیاواز ھەیە و “ئەمەش سەلمێنەری زیندوویەتی دامەزراوە و ئۆرگانەکانی بزوتنەوەکەیە”.
هەروەها بۆ داواکاری کشانەوە لە حكومەت گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان جەختدەکاتەوە کە باڵاترین دامەزراوەی بڕیاردان لە گۆڕان جڤاتی نیشتمانییە و رایدەگەیێنێت، بەشداریکردن لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری جڤاتی نیشتمانی بووە، بۆ ئەمەش بزوتنەوەی گۆڕان بەردەوام هەڵسەنگاندن دەکات و دوا بڕیار لە جڤاتی نیشتمانی و بە بەشداریی هەمووان دەدرێت، نەک یەک ئۆرگان.
سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژادنی ناوخۆیی و کۆنفرانسی نیشتمانی، گوتەبێژی گۆڕان دەڵێت، ئەوە خواستی زۆرینەی گۆڕانخوازانە و بڕیاری لەسەر دراوە و کاری لەسەر دەکرێت.
گوتەبێژی گۆڕان لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا رایدەگەیێنێت، پێشوازی لە پێشنیاز و پرۆژە و دیدگای جیاواز دەکات لە پێناو بەهێزکردنەوەی کاری رێکخراوەیی و پەرلەمانی و حکومی.