تیك تۆك سکاڵای یاسایی دژی دۆناڵد ترەمپ تۆماردەکات

بڕیارە لە 24ی ئەم مانگەدا کۆمپانیای تیکتۆك-ی چین سکاڵای یاسایی لە دژی ئەو فەرمانە جێبەجێکارییەی سەرۆکی ئەمریکا تۆماربکات، کە بەکارهێنانی ئەپڵیکەیشنەکە لە وڵاتەکەیدا قەدەغە دەکات.

بەگوێره‌ی هەواڵی میدیا ئەمریکیه‌كان، لە ئێستادا کۆمپانیای تیك تۆك-ی چینی ئامادەکاری دەکات بۆ بەرزکردنەوەی سکاڵای یاسایی لە دژی ئەو بڕیارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا کە بەکارهێنانی ئەو ئەپڵیکەیشنە لە وڵاتەکە قەدەغە دەکات، ئەگەرهات و هەموو پشکەکانی خۆی بە کۆمپانیای مایکرۆسۆفت-ی ئەمریکی نەفرۆشێت.

ئاماژەیان بەوەشکرد، بڕیارە سکاڵاکە لە دووشەممەی داهاتودا تۆماربکرێت، فەرمانبەرانی کۆمپانیاکەش لەلایەن خۆیانەوە بەشێوەیەکی جیا سکاڵای تایبەت لە دژی بڕیارەکە بەرزدەکەنەوە.

چواری ئەم مانگە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر تەواوی پشکەکانی خۆی بە کۆمپانیای مایکرۆسۆفت نەفرۆشێت، ئەوا بە تەواوەتی چالاکییەکانی تیکتۆك لە وڵاتەکەیدا قەدەغە دەکات، ماوەی 180 رۆژیشی بۆ تەواوکردنی کڕین و فرۆشتنەکە دیاریکردوە.

Back to top button