ئەردۆگان کەنیسەیەکی دیکە لە تورکیا دەکاتە مزگەوت

یەک مانگ دوای ئەوەی بە فەرمانی ئەردۆغان مۆزەخانەی ئەیاسۆفیا بە فەرمی وەک مزگەوت ناسێنرا، ئێستا لە نوێترین بڕیاردا ئەردۆغان به‌نیازه‌ کەنیسەیەکی سەردەمی رۆمی بیزانس وەک مزگەوت بناسێنێت.

 

به‌ پێی هه‌واڵێكی ئاژانسی رادیۆ فه‌ردا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا لە نوێترین بڕیاریدا داوای کردووە کەنیسەی کوورا کە کەنیسەیەکی ئەرتۆدۆسکی یۆنانییە و لەناو ئیستەمبۆڵ هەڵکەوتووە، بکرێتە مزگەوت و شوێنی نزا و نوێژكردنی موسڵمانان.

 

ئەو کەنیسەیە کەلە ساڵی ١٩٤٥ کراوەتە مۆزەخانە و ئاسەوارێکی مێژوویی سەدەی چوارده‌هه‌می زایینییە. به‌ هۆی ئه‌و هونه‌ره‌ شێوەکاری و هەڵکۆڵراوییه‌ی سەر دیوارەکان و جۆری دیزاین و بیناسازییەکەی كه‌ له‌ ناو كه‌نیسه‌كه‌ ئه‌نجام دراوه‌ ، به‌‌ نموونەیەکی نایاب و دەگمەنی سەردەمی بیزانس داده‌ندرێت.

ئیمپراتۆری ڕۆمای ڕۆژهەڵات، کە بە ناوەکانی ئیمپراتۆری “بیزانس و بیزانتیۆم”یش ناسراوە، درێژەی هەمان ئیمپراتۆری ڕۆمایە کەلە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و لە ناوچەکانی بەلکان، ئەنادۆلوو، شام و میسر دەسەڵاتی هەبووە و لەو ماوەیەدا بە سەدان بینا و ئاسەواری جۆراوجۆری مێژوویی و ئایینییان دامەزراندووە کە کەنیسەی کوورا ش یەک لەو ئاسەوارانەیە.

به‌ فه‌رمانی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا ڕێکەوتی یه‌كی هه‌شتی دووهه‌زار و بیست مۆزەخانەی مێژوویی ئەیاسۆفیا بە فەرمی كرایه‌ مزگەوت و خۆشی نوێژی تێدا کرد. ئەم بڕیارەی سەرکۆماری تورکیا، لە ئاستی ناوخۆ و دنیای دەرەوە بەتایبەتی ئەمریکا، ئەورووپا و تەنانەت ڕووسیاش کاردانەوەی زۆر توندی لێکەوتەوە و ڕەخنەی زۆر لەو بڕیارەی ئەردۆغان گیرا و بە دەستکاریی مێژوو دەستێوەردانی ئایینی لەقەڵەم درا و شارەزایان لەو باوەڕەدان ئەو هەڵوێستانەی ئەردۆغان و ئاکەپە، تورکیا بەرەو حکوومەتێکی ئیسلامی سیاسی دەبەن.

Back to top button