هێزەکانی هاوپەیمانان لە سەربازگەی تاجی دەکشێنەوە
سوپای عێراق بەشێکی بنکەی سەربازیی تاجی لە باکووری رۆژئاوای بەغدا لە هێزکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، وەردەگرێتەوە.
لیوا تەحسین خەفاجی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لەمیانەی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە فەرمی لە سەربازگەی تاجی لە باکوری بەغدا کشاونەتەوە و پێگەی ژمارە هەشتی سەربازگەکەیان رادەستی هێزەکانی وڵاتەکە کردوەتەوە.
وێستگەی ژمارە 8ـی بنکەی سەربازیی تاجی تایبەت بوو بە مەشق پێکردنی هێزە عێراقییەکان لەلایەن راوێژکارانی سەربازیی ئوسترالی، نیوزیلەندی و ئەمریکی.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێگە سەربازییەکە بەکاردەهێنرا بۆ راهێنان، مەشقپێکردن و بەرزکردنەوەی توانا سەربازییەکانی هێزەکانی عێراق، لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا، نیوزلاند و ئوسترالیا، لەپاش کشانەوەی ئەو هێزانەش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە بەکاردەهێنرێت.