حکومەتی هەرێمی کوردستان کەناڵی NRT دادگایی دەکات

 

 

سوود وەرگرتن لە یاسای رۆژنامەوانی و میدیایی  بە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی نشتیمانی ، لە یاسای کاری رۆژنامەگەری و ئازادیی ڕادەربڕین ، چەند خاڵیکی سەرەکی بۆ دیاری کراوە ، لادان لە یاسا و هاندانی هاووڵاتیان بۆ شکاندنی پیرۆزییەکانی نشتیمانی و هێرشکردنە سەر موڵکی گشتی حکومەتی لێپێچینەوەی لێدەکرێت و بە ڕێکاری هەمان یاسا کەناڵ یان هەر ناوەندێکی ڕاگەیاندن دەستی لە ئاژاوەگێڕیدا هەبێت سزا دەدرێت .

 

 

لەم بارەیەوە، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێم ڕایگەیاند: ماوەیەکە بە سوودوەرگرتن لە ئازادیی کاری ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان چەند کەس و دەزگایەکی ڕاگەیاندن بە هەموو شێوەیەک دژی ئەزموونی هەرێمی کوردستان ڕەفتار دەکەن بێ گوێدانە هیچ بەهایەکی نیشتمانی و نەتەوەیی، تەنانەت ڕێزیان بۆ پیرۆزییەکانیش نەهێشتووەتەوە، لەوانەش کەناڵی NRT و شاسوار عەبدولواحیدی خاوەنی ئەم کەناڵە. ئەوەیشی ڕاگەیاند کە شاسوار عەبدولواحید لە ڕێگای ئەم کەناڵەوە لە پرسە چارەنوسسازەکانی کوردیشدا وەک پرۆسەی ڕیفراندۆم دژی ویستەکانی گەلی کورد وەستایەوە و لە دەرەوە و ناوەوەی کوردستان کەمپینی دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ڕێک خستبوو. لە لایەکی ترەوە، لە گەرمەی شەڕی تیرۆریستانی داعش لە کاتێکدا هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سەنگەرەکانی بەرگریدا بوون، کەناڵەکەی هانی خەڵکی دەدا بۆ نانەوەی ئاژاوە بە بیانووی دواکەوتنی مووچەوە.

 

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەروەها ڕایگەیاند، کەناڵیNRT لە بەشێکی تری قسەکانیدا زێباری گوتی : بە بەردەوامی بە ئاقارێکی زوور خراپدا ڕۆیشتووە لە هاندانی خەڵک بۆ یاخیبوون لە بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ و شکاندنی قەدەغەی هاتوچۆ و گومان دروستکردن لەسەر بوونی نەخۆشیی کۆرۆنا دوور لە یاسا و پێچەوانەى ماددەی سێیەم، بڕگەى سێیەمە لە ڕێنمایی ڕێکخستنی فریکوێنسی سپەیس لە هەرێمی کوردستان (رێنمایی مۆڵەتی تەلەڤزیۆن و ڕادیۆ). وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بەرێوەبەرایەتیی گشتی و ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە بەشی یاسا لە ٣/٦/٢٠٢٠ کەنالی ناوبراوی ئاگادار کردووەتەوە کە بەردەوامیدان بەم شێوازە لە ڕاگەیاندن پێویستە ڕابگیرێت و ڕەچاوی بارۆدوخی هەرێمی کوردستان بکرێت بەپێچەوانەوە دامودەزگا پەیوەندیدارەکان ناچارن ڕێکاری یاسایی بەرامبەر کەناڵی ئاسمانی NRT بگرنەبەر. بۆ ئەم مەبەستە لەم دواییەدا وەزارەتی ڕۆشنبیری لەسەر داوای داواکاری گشتی سکاڵای تۆمار کردووە لە دادگا و ڕۆژی ٩/٩/٢٠٢٠ دیاری کراوە بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی دادگاییکردنەکە.

 

 

ئەوەی گرینگی هەیە لە بواری زانیاری گشتی و پێویستە هاووڵاتیان زانیارییان لە سەری هەبێت ، بەپێی ڕینمایی ژمارەى (٢) وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان تایبەت بە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن لە کاتی پابەندنەبوونیان بە یاسا و ڕێنماییەکان و ناوزڕاندن و سووکایەتیکردن بە خەڵک و ڕەمزەکانی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان، هەروەها بڵاوکردنەوە و هاندانی خەڵک بۆ گێرەشێوێنی و توندوتیژی، بۆ جاری یەکەم کەناڵەکە دادەخرێت بە مەرجێک لە ٧٢ سەعات زیاتر نەبێت و جاری دووەم لە هەمان ساڵدا لە هەفتەیەک زیاتر نەبێت و جاری سێێەم بە یەکجاری کەناڵەکە دادەخرێت و جارێکی دیکە بەم ناو و لۆگویە موڵەتی پێ نادرێتەوە. کەناڵی ناوبراو ئەمساڵ چەندین جار سەرپێچی ئەم ڕێنماییانەى کردووە. لەم ڕووەوە ڕێکاری پێویست بەرامبەر نووسینگەکانی کەناڵی ئاسمانی NRT گیراوەتەبەر لە شارەکانی هەرێم بۆ ڕاگرتنی هاندانی توندوتیژی و گێرەشێوێنی و تێکدانی ئارامیی هەرێمی کوردستان.

Back to top button