لێژنه‌ی خوێندنی باڵای په‌رله‌مانی كوردستان داواكاریه‌ك ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا ده‌كات و داوا ده‌كات ئه‌مساڵ رێژه‌یه‌كی زیاتری قوتابی وه‌ر بگیرێن

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مساڵ رێژه‌یه‌كی زۆری قوتابیان  له‌سه‌رتاسه‌ری كوردستان له‌ تاقیكردنه‌وه‌كانی پۆلی دوازه‌ سه‌ركه‌وتن له‌ ئێستادا وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی ئاماده‌كاری ده‌كات بۆ وه‌رگرتنی قوتابیان له‌ زانكۆ و په‌یمانگان، لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ کۆبووەوە و لەراگەیەندراوێکدا رایگەیاند، داوا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەکات کورسییەکانی خوێندن لە زانکۆو پەیمانگاکان زیادبکات.

لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی کوردستان له‌ راگه‌یێندراوێكدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كردووه‌ كه‌ بەمەبەستی تاووتوێکردنی چەند پرسێکى په‌یوه‌ست به‌كارى لیژنه‌كه‌، ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا، لەکۆبوونەوەکه‌دا ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی کەئەمساڵ بەبەراورد بەساڵانی پێشوو ژمارەی ئەو خوێندکارانەی نمرەی بەرزیان بەدەستھێناوە زۆر زیاترن و بۆ ئەم مەبەستەش داوا لەوەزارەتی خوێندنی باڵا دەکرێت کەژمارەی کورسییەکانی خوێندن زیاد بکات، بەتایبەت لەبەشی پزیشکی.

دواتر جەخت لەوە کرایەوە کەپێویستە لەگەڵ ھەریەکە لەوەزارەتەکانی خوێندنی باڵاو وەزارەتی پەروەردە لەپەیوەندی و ھەماھەنگیدابن بۆ دیاریکردنی کاتێکی گونجاو بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن لەزانکۆو پەیمانگه‌کانی سەر بەوەزارەتی خوێندنی باڵاو قوتابخانەو پەیمانگه‌کانی سەر بەوەزارەتی پەروەردە.

لەکۆتاییدا بڕیاری پێکھێنانی دوو لیژنەی لاوەکی درا کەیەکێکیان چاودێریی پرۆسەی پڕکردنەوەی فۆڕم و وەرگرتنی قوتابیان لەزانکۆو پەیمانگه‌كان و ھەنگاوەکانی ڕاییکردنی مامەڵەی وەرگرتن بكات، لیژنە لاوەکییەکەی تر لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا کۆدەبنەوە بۆ ئاگاداربوون لەچۆنیەتیی دیاریکردنی ئەو پێوەرانەی کەبۆ دانپێدانانی زانکۆکانی دەرەوەی ھەرێم دیاری کراون.

Back to top button