وێستگەی یەکەمی سەردانەکەی پۆمپیۆ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئیسڕائیل دەبێت
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئیسڕائیل رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوە گەیشتە ئیسڕائیل، لە چوارچێوەی ئەو گەشتەی کە بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامی دەدات.
بەپێی راگەیەندراوێک کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئیسڕائیل لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەیشتە ئیسڕائیل، بڕیارە لەگەڵ هەریەک لە گابی ئەشکنازی، وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل و بینی گانتس، وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە کۆبێتەوە.
پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردبوەوە، پۆمپیۆ لەم گەشتەیدا سەردانی وڵاتانی ئیسڕائیل، سودان، ئیمارات و بەحرەین دەکات.
لەو سەردانەیدا گفتوگۆ لەبارەی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی ئاشتی نێوان ئیماڕات و ئیسڕائیل و “رەفتارە دوژمنکارییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا دەکرێت”، بەپێی بەیاننامەکە سەردانەکەی پۆمپیۆ بۆ رۆهەڵاتی ناوەڕاست تا 28 ئەم مانگە دەخایەنێت.