دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی وەڵامی کەجەکە دەداتەوە
دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) دەداتەوە.
دەقی وەڵامەکەی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی:
وه‌ڵامێك بۆ راگه‌یانراوه‌كه‌ی ( كه‌جه‌كه).. شکستهكانتان مەخەنە ئەستۆی پارتی
کەجەکە لە رۆژی 23ی ئابی 2020، راگه‌یانراوێكی بڵاوكردووەته‌وه و، تێیدا دەیەوێ شکستی چه‌ندین ساڵی رابردووی سیاسی و جوگرافی و فکری و پێگەی جەماوەری لە پارچەکانی کوردستان بخاتە ئەستۆی پارتی دیموکراتی کۆردستانەوە، کە لە بنەڕەتدا گومان لەسەر شێوازی خەباتی کەجەکە لای کوردستانیان و رەوەندی کوردی جێگەی پرسیاربووە و ھەمیشە لە تەوقیتی پێش رووداوەکاندا بۆ خزمەتی گەمەیەکی ئیقلیمی دەستپێشخەربوونه بۆ دروستكردنی ئاستەنگ له بەردەم قەزیەی کوردی.. ئەوان لەوەتەی بە چەمکی (چیاکان میتینگەیە) لە جیاتی خەبات و تێکۆشان بۆ سەربەخۆیی کورد لە باکووری کوردستان، یانیش (میتینگەیە بۆ باکوور) بکەنە پێڕۆی سیاسی خۆیان، ھەمیشە لە ژێر ناوی دیمکوراتیک بۆ گەڵان، خۆیان لە چیاکانی ھەرێمی کوردستان حەشارداوە، لە شنگال بۆ پاڵپشتی حەشدی شەعبی ھێزێکیان دروست کرد و لە ڕوویی فکرییەوە مێشکی منداڵانیان دەشووشتەوە و منداڵانی خوار تەمەنی سێزدە ساڵیشیان چەکدار دەکرد، بەناوی برایەتی گەلان، ھەمیشە خزمەتی خەتێکی ھەواڵگری ئیقلیمیان کردەوە کە لەماوەی دەساڵی رابردوو، لە چیاکانی ھەرێمی کوردستان ھۆکار بوون بۆ راکێشانی ھێزەکانی تورکیا لە ناوچە سنوورییەکانی زاخۆ و ئامێدی تا سنووری حاجی ئۆمەران و قەندیڵ و ناوچە سنوورییەکانی ھەڵەبجە، ئەوان بەناوی جڤاکەوە لە کەمپی مەخموور چەندان جار قەڵغانی مرۆییان بۆ پیلانگێڕی و نانەوەی ئاژاوە لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان داناوە، لە کاتی داگیرکاری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کۆردستانیش چاوساغیان بۆ راکێشانی حەشد دەکرد و لە پاڵ ئەواندا خۆیان لە شنگال قایم دەکرد.
کەجەکە وێڕای شکستی به‌رده‌وامی لە شێوازی کارکردنیدا، ھەمیشەش وەک ئامرازێک بۆ مەرامی سیاسی و ھەواڵگری لە ناوچە سنوورییەکان دەرکەوتوون، لە ڕووی فکرییەوە کە رێبازەکەیان ره‌تكراوه و جێگای په‌سه‌ندی ده‌ولی و جەماوەریش نیه لە باکووری کوردستان، به‌رده‌وام بەدوای وەھمی سیاسی کەوتوون لەو ناوانەی کە بە وەھم خستوویانەتە نێو زاکیرەی تاکەکانیان وەک ھەرێمی حەفتانین و خنێرە و ئاڤاشین و ھەرێمی قەندیڵ و پاراستنی میدیا و، جۆرەھا ھەرێمی دیکە له‌كاتێكدا كه شوێنخەباتی خۆیان لە باکوور جێھێشتووە و ھاتوون لە ناوچە سنوورییەکان خۆیان حەشارداوە، سەرباری وەرگرتنی سەرانە لە خەڵکی ناوچە سنوورییەکان، وێرانکاری بەھۆی راکێشانی سوپای تورکیا بۆ ناوچەکە، رفاندنی خەڵک و ھەروەھا ھەندێ جاریش دروستکردنی شه‌پۆلی بەلاڕێدابردنی خۆپیشاندان لەو ناوچانە و تەقەکردن و رفاندن و سوکایەتیکردن بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان، کەجەکە تازە دێ تۆمەت بۆ پارتی دروستدەکاتەوە و لە راگەیاندراوێکدا بەبێ بوونی رەھەندی مێژووی، لۆژیکی سیاسی، به‌رگی شەرعیبوون، خۆیان به بهرخۆیانی ده‌كه‌ن بێ ئەوەی بزانن کە ئەوان بەگوێرەی سیستەمی حوکمڕانی ھەرێمی کوردستان شەرعیەتی یاساییان لە ھەرێمی کوردستان نییە و، تەنیا ماڵوێرانین بۆ خەڵکی ناوچە سنوورییەکان.
پارتی دیموکراتی کوردستان، لە سۆنگەی ھەستکردن بە بەرپرسیارێتی وەک ھاندەرێکی ئاشتی بۆ پرسی کورد لە تورکیا ئەنجامی باشی بۆ خزمەتی ئاشتەوایی سیاسی بەدەست ھێنا، بەڵام کەجەکە پرسی ئاشتی لەوێ بە چەند رووداوێک ناشت و بەرگێکی خوێناوی بەبەر جەستەی ئاشتیدا کرد و ھاوکێشەکەی گۆڕی بۆ شەڕ و دواتر بووە ھۆکارێک کە خەڵکی باکوور بکەونە دۆخێکی سیاسی نالەبار بە دەستی پەکەکە و لە نیەتی پەکەکە گەیشتن کە ئەمان بەرژەوەندی خەڵکی باکووری کوردستانیان ناوێت، بۆیە کەجەکە بەزووی لەوێ دەستی کەشف بوو و بە تێکدەر ناویان برد و کوردانی باکوور کەجەکەیان رەتکردەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان ھەمیشە ھەوڵی داوە پەکەکە ھەڵە سیاسییەکانی راستبکاتەوە و بتوانن وەک رەوتێکی مەدەنی رەفتاربکات، بتوانن ئەو دروشمانەی کە ھەڵیگرتووه بۆ ئازادی گەلان لە باکووری کوردستان جێبەجێی بکات، بەڵام ئەمان ھەر دەچنەوە ژێر ئەم چەمکەی “دەبێ لەژێر ئایدۆلۆژیەتێکی بازنەیی سیاسەت بکرێ، نەوەک سەربەخۆیی بۆ کوردستان، یان دەوڵەت بۆ کوردستان، یانیش دەستکەوت بۆ گەل”، ئێستا خه‌ڵكی باکووری کوردستان و باشوور و رۆژئاوا و رۆژھەڵاتیش دەزانێ، کە کەجەکە دەیەوێ لە خزمەت گەمەیەکی ئیقلیمیدا وەک شوورەیەک بۆ تێکدانی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان پێش رووداوەکان بکەوێ. پارتی دیموکراتی کوردستان ھەمیشە تێڕوانینی وابووە بەگوێرەی ھەلومەرجی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی و جوگرافی لە ھەر پارچەیەکی کوردستان، رەسانایەتی سیاسی و حزبی کوردی لە چوارچێوەی لۆژیکدا بنەمای خەبات بە گوێرەی سیاسەتێکی ژیرانە و دیپلۆماسیانە بخاتە خزمەتی کوردستانەوە، بەگوێرەی ھەلومەرجه زاتی و بابه‌تییان تێکۆشانی نەتەوەیی رێکبخەن و بتوانن حزبی بە دیھێنانی مافە رەواکانی گەلی کوردستان بن، نەوەک رەوتێک بە ده‌یان ناوی داتاشراو و ئاڵا و بەناوی گەلی کورد ببێتە ھۆی سڕینەوەی دەستکەوتەکان و بە توندوتیژی سیاسی قەزیەی کوردی له ناوه‌نده ده‌ولیه‌كان وێنا بکات و لە جیھاندا وێنەی کۆرد ناشرین بکات.
كه‌جه‌كه له راگهیانراوهكهیدا، ئاماژه‌ی به‌وه كردووه گوایه، پارتی دیموكراتی كوردستان دوای هێرشه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر ناوچه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، په‌كه‌كه به هۆكاری ئه‌و هێرشانه له قه‌ڵه‌م ده‌دات، له‌مه‌ش زیاتر بانگه‌شه بۆ ئه‌وه ده‌كات ئه‌و ناوچانه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه ئێستا چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ی لێن و، بوونه رێگر له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی سه‌دان گوندی ئه‌و ناوچه‌یه، به‌جۆرێك قسه ده‌كه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌وان حاكمی موتڵه‌ق بن و، به ناوچه‌ی خۆیان پێناسه‌یان ده‌كه‌ن و هیچ ئیعتبارێك بۆ شكۆ و سه‌روه‌ری هه‌رێمی كوردستان دانانێن.
سه‌باره‌ت به‌م چه‌واشه كارییه، راشكاوانه ده‌ڵێین، هه‌رێمی كوردستانی عێراق، هه‌رێمێكی دانپێدانراوی ده‌ستورییه له چوارچێوه‌ی ده‌ستوری عێراق و، خاوه‌نی په‌رله‌مان و حكوومه‌ت و دامه‌زراوه‌ی شه‌رعی خۆیه‌تی، بۆیه هه‌ر هێز و لایه‌نێكی سیاسی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان كه به‌ناچاری و له‌به‌ر ئه‌و باردۆخه تایبه‌ته‌ی له‌وڵاته‌كانی خۆیان هه‌یه، دێنه هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وا پێویسته رێز له‌سه‌روه‌ریی و یاساكانی هه‌رێمی كوردستان بگرن و له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و رێوشوێنانه‌ی بۆیان دیاری ده‌كرێت، ده‌بێت خه‌باتی سیاسی خۆیان بكه‌ن و، هه‌رێمی كوردستان وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی سیاسی و ده‌ستوری تووشی كێشه و ئاڵۆزی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی دراوسێ نه‌كه‌ن.. له‌م روانگه‌یه‌وه كاتێك ده‌وڵه‌تی توركیا به‌بیانووی بوونی چه‌كدارانی په‌كه‌كه سنووری عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌به‌زێنێت و هێرش ده‌كاته سه‌ر گونده سنووریهكانمان، سه‌ركردایه‌تی په‌كه‌كه له‌بری ئه‌وه‌ی هاریكاری په‌رله‌مان و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بێت بۆ ئه‌وه‌ی توركیا بیانوو بڕ بكات، كه‌چی خۆیان زه‌مینه بۆ ده‌ستێوه‌ردان و هێرشه‌كانی توركیا زیاتر ده‌كه‌ن، كه ئه‌مه‌ش له هیچ ده‌وڵه‌تێكی ئه‌م جیهانه قبوڵ كرا‌و نییه و، جۆرێكه له خۆ سه‌پاندن به‌سه‌ر شكۆ و سه‌روه‌ری ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی ئه‌وان بوونیان تێدا هه‌یه.
له به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یانراوه‌كه‌ی كه‌جه‌كه‌دا هاتووه، گوایه ئه‌م داوا شه‌رعیه‌ی په‌رله‌مان و حكوومه‌تی كوردستان بۆ ریزگرتن له یاساكانی هه‌رێمی كوردستان ئاراسته‌ی ئه‌و هێزه‌ی كردووه، به‌وه له قه‌ڵه‌میان داوه، كه ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه: (ده‌ست له بهرخودانهكهتان له دژی كۆماری توركیا هه‌ڵبگرن!)، ئه‌م قسه‌یه به ئاستێكی وا نزم نووسراوه، وه‌ك ئه‌وه‌ی چه‌كدارانی په‌كه‌كه توانیبێتیان له‌ناو خاكی كوردستانی توركیا پێگه‌یه‌ك بۆ خۆیان ئازاد بكه‌ن و له‌وێوه خه‌باتی چه‌كداری بكه‌ن و، ئه‌وه‌شی كه نایه‌ڵێت ئه‌وان خه‌باتی چه‌كداری له چیاكانی كوردستانی توركیا بكه‌ن، ئه‌وه پارتی دیموكراتی كوردستانه.. سه‌باره‌ت به‌و بانگه‌شه ئاست نزمه‌یان ده‌ڵێین: باشه كێ رێگه‌ی لێ‌گرتوون ئێوه خه‌بات له كوردستانی توركیا بكه‌ن و، بۆجوامێرانه به‌شێك له‌و ناوچانه بۆ خۆتان ئازاد ناكه‌ن و له‌وێ درێژه به خه‌بات و چالاكی خۆتان بده‌ن، پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، ئایا له‌ناو خاكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه به‌رخودان دژی كۆماری توركیا ده‌كه‌ن و لێره‌وه داكۆكی له‌مافی ره‌وای كوردانی كوردستانی باكوور ده‌كه‌ن؟ یان خه‌باتی چهكداریتان له كوردستانی توركیا پێ ناكرێت و له بنه‌ڕه‌تدا به ئامانجی دروستكردنی گێچه‌ڵ بۆ خه‌ڵك و په‌رله‌مان و حكوومه‌ت و تێكدانی ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان لێره‌ن، ئێوه ئه‌گه‌ر ئه‌و جوامێریهتان هه‌یه كه به‌رخودان دژی كۆماری توركیا درێژه پێبده‌ن، ئه‌وا ده‌بێت له‌ناو خاكی كوردستانی توركیاوه ئه‌و بانگێشه‌یه بكه‌ن، نه‌ك له شوێنێكی دیكه كه سه‌دان كیلۆمه‌تر له كوردانی كوردستانی توركیا دووره.
هه‌ر له راگه‌یاندراوه‌كه‌دا، كه‌جه‌كه، باس له جێگیركردنی هێزی پێشمه‌رگه له زینی وه‌رتێ ده‌كات، له‌مه‌شدا زۆر بێباكانه به شێوه‌یه‌ك قسه ده‌كه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی زینی وه‌رتێ به‌شێك نه‌بێت له خاكی هه‌رێمی كوردستان و، وای پیشانده‌ده‌ن، جێگیركردنی پێشمه‌رگه به بریاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌و ناوچه‌یه، پێشیلكردنی مافی ئه‌وان بێ! به‌مانایه‌كی دیكه سه‌ركردایه‌تی په‌كه‌كه به چ لۆژیكێك ئه‌و مافه‌یان داوه به‌خۆ كه له چوارچێوه‌ی سنووری یاسایی و ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان، سنور بۆ جوڵاندنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان دیاری بكه‌ن، ئه‌م بانگێشانه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خۆی له خۆیدا بێ به‌هاكردنی سیاسه‌ت و ستراتیژیه‌تی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی نێوان كوردانه، له هه‌مانكاتدا، خۆسه‌پاندنێكی زه‌ق و به‌رچاوه و هه‌رگیز قبووڵ ناكرێت و، خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانیش به‌و قسه باق و بریق و چه‌واشه‌كارانه هه‌ڵناخه‌ڵه‌تێت و، ده‌زانن ئاراسته‌ی راستی ره‌وتی رووداوه‌كان چۆن و له كوێوه ده‌چنه پێش.
له درێژه‌ی راگه‌یانراوه‌كه‌دا، كه‌جه‌كه ده‌ڵێت، ئێمه چووین به هانای كوردانی ئێزدی له ده‌ڤه‌ری شنگال، ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان پلانی دانابوو له‌گه‌ڵ هێزی هاوپه‌یمانان بچێته ناو كۆچۆ و كوردانی ئێزدی له گه‌مارۆی تیرۆریستانی داعش رزگار بكات، پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، ئایا كه‌جه‌كه ده‌توانێت راشكاوانه به رای گشتی كوردستان بڵێت: چ هێزێك بوو كه نه‌یهێشت ئه‌و پرۆسه هاوبه‌شه‌ی هێزی پێشمه‌رگه و هاوپه‌یمانان بۆ رزگاركردنی كوردانی ئێزدی له كۆچۆ ئه‌نجامبدرێت؟ له‌مه‌ش زیاتر، جێگه‌ی خۆیه‌تی ئه‌وه‌ش به رای گشتی كوردستان رابگه‌یه‌نین، كه ئه‌و هێزه‌ی پرۆسه‌ی ئازادكردنه‌وه‌ی شنگالی چه‌ند جارێك دواخست، هه‌ر چه‌كدارانی په‌كه‌كه بوون له‌و ناوچه‌یه و، پاش ئه‌وه‌ی به قاره‌مانیه‌تی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان شنگاڵ رزگاركرایهوه، به‌شێكیان له شنگال دابڕی و كانتۆنتان تیا راگه‌یاند و، ده‌ستان له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی تێكه‌ڵكرد و له‌جیاتی ئاڵای كوردستان ئاڵای په‌كه‌كه‌یان لێ به‌رزكرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بانگهێشتی سوپای توركیا بكه‌ن جارێكی دیكه كوردانی ئێزدی قه‌تل و عام بكرێته‌وه.
هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كه ئه‌ركی سه‌رشانیه‌تی به‌رگری له هه‌ر بسته خاكێكی كوردستان بكات و هه‌رگیز نایكات به منه‌ت به‌سه‌ر هاونیشتمانیانی خۆیه‌وه، به‌ڵام هه‌روه‌ك نموونه كاتێك هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان چوو به هانای كۆبانێ، دوای رزگاركردنه‌وه‌ی كۆبانی، ئایه هیچ به‌شێكی شاره‌كه‌ی كۆنترۆڵ و زه‌وتكرد له خه‌ڵكه‌كه‌ی، یان دوای ئه‌وه‌ی ئه‌ركه نیشتمانییه‌كه‌ی خۆی به‌سه‌ربه‌رزی ئه‌نجامدا، گه‌رایه‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان؟ پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر ئێوه راست ده‌كه‌ن و به‌رگریتان له كوردانی ئێزدی كردووه بۆ دوای ئازادكردنه‌وه‌ی شنگال، شنگال بۆ ئیزدییه‌كان جێناهێڵن و، بۆچی جارێكی دیكه دهیانكهنهوه به قۆچی قوربانی مه‌رامه خراپه‌كانی خۆتان؟
له به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی، كه‌جه‌كه، ئاماژه به یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كات، به‌راستی گاڵته ئامێزه كه ئه‌وان ئه‌و مافه به‌خۆیان ده‌ده‌ن باسی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی كوردان بكه‌ن، لێره‌دا گرنگه زۆر راشكاوانه رای گشتی له‌وه ئاگادار بكه‌ینه‌وه و بپرسین، ئایا هه‌ر په‌كه‌كه نه‌بوو، كۆنگره‌ی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی په‌كخست و نه‌هێشت ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه نه‌ته‌وه‌ییه دروست ببێت؟ ئایا هه‌ر په‌كه‌كه نییه كه ئاڵای كوردستان ده‌ستوتێنێت و ئه‌وانه‌شی ئه‌و ئاڵایه به‌رزده‌كه‌نه‌وه لێیان ده‌دات و سوكایه‌تیان پێ ده‌كات؟ پرسیاری گرنگ لێره‌دا ئه‌وه‌یه، ئایا ئاڵای كوردستان ئاڵای پارتی دیموكراتی كوردستانه ئێوه ده‌یسوتێنن؟ ئایا ئه‌و ئاڵایه پێش دامه‌زراندنی كۆماری كوردستان له ساڵی 1946 ره‌مز و هیوای نه‌ته‌وه‌یه‌كی داگیركراوی بێ ده‌وڵه‌ت نه‌بووه و بۆیه‌كه‌مین جار له كۆماری كوردستان نهشهكایهوه؟
چه‌واشه‌كاریه‌كانی ناو راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی كه‌جه‌كه به ئاستێك له به‌ها نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیه‌كان داماڵراوه كه پێویست بوو په‌رده له‌سه‌ر ئه‌و چه‌واشه‌كاریانه هه‌ڵبگرین و، رای گشتی له راستییه‌كان ئاگادار بكه‌ینه‌وه، بۆیه لهدوماهیدا هه‌ر هێنده به كه‌جه‌كه ده‌ڵێین، هێزێكی سیاسی لافی كوردبوون لێ بدات و، به‌كرده‌وه‌ش ئاڵای كوردستان بسووتێنێت و گێچه‌ڵ و ئاشوب بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆی دروست بكات، ده‌بێت شه‌رم بكات باس له یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی كوردان و به‌رخودان و داكۆكی له مافه ره‌واكانی خه‌ڵكی كوردستان بكات و دواجاریش گوناحی پارتی چییە کە کەجەکە شکستی فکری و پێگەی جەماوەری لەنێو پارچەکانی کوردستان دەخاتە ئەستۆی پارتی؟ گوناحی پارتی چییە کە کوردستانیان لە باکوور و رۆژئاوا، لە باشوور و رۆژھەڵات ماسکی سەر کەجەکەیان لاداوە و ئیدی تێگەیشتوون کە ئەم کۆما بەناو جڤاکه ئه‌وه‌نده‌ی لە بەرژەوەندی ئه‌جێندایه‌كی ده‌ره‌كی تێدەکۆشێ، هێنده بۆ پرسی كورد و ، وه‌كو هێزێكی ره‌سه‌نی کوردستانی خه‌بات ناكات.
به‌شی رۆژنامه‌وانیی ده‌زگای رۆشنبیری و راگه‌یاندنی
پارتی دیموكراتی كوردستان
24ی ئابی 2020