لە چوارچێوەی رێککەوتنی پێدانی کارەبا ، بەغدا گازوایل بۆ سێ یەکەی کارەبای هەرێم دابین دەکات
ئومێد ئەحمەد گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای دەکات ، تا ئێستا بەغدا لە چوارچێوەی رێککەوتنەکانی پێدانی کارەبا لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە بە مووسڵ بەڵێنەکانی بردۆتەسەر و گازوایلیان بۆ سێ یەکەی بەرهەم هێنانی کارەبای هەرێم دابین کردووە .
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئومێد ئەحمەد گوتی : هەرچەند ڕێککەوتنەکە تا ئێستا نەگەیشتۆتە قۆناغی کۆتایی بەڵام ئەوە هەنگاوێکی باش و بەسوودە بۆ هەرێمی کوردستان چونکە ئەو یەکانەی بەرهەمهێنانی کارەبای کوردستان کە ماوەیەکە بە هۆی نەبوونی سووتەمەنی لە کار کەوتبوون دەستیان کردۆتە بە بەرهەمهێنانی کارەبا و ئێمەش چەندین مێگاوات دەدەینە مووسڵ .
لە کۆتاییدا روونی دەکاتەوە ، یەک لە مەرجە سەرەکییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێدانی کارەبا ، قەرەبووکردنەوەیە واتە بەبێ بەرانبەر کارەبا بە بەغدا نادەیین .