تره‌مپ به‌ مسته‌فا كازمیم گوت له‌ میدیاكان سوپاسی من بكات گوتی واده‌كه‌م چاوه‌ڕێم بزانم واده‌كات

دوای ئه‌وه‌ی مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌ یاوه‌ری شاندێك سه‌ردانی ئه‌مریكا كرد و له‌گه‌ڵ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا كۆبووه‌وه‌، هه‌روه‌ها دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش چه‌ندین رێككه‌وتنی له‌ نێوان عێراق و ئه‌مریكا واژۆكران، پاش تێپه‌ڕینی چه‌ند رۆژێك به‌سه‌ر سه‌ردانه‌كه‌ی شاندی عێراق بۆ ئه‌مریكا تره‌مپ ئه‌مڕۆ رایگه‌یاند كه‌ سەرۆکوەزیرانی عێراق بەهۆی شکستپێهێنانی داعشەوە سوپاسی تایبەتی کردووە، ئەویش پێیگوتووە ئەو قسەیە بۆ راگەیاندنەکان بکە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا له‌ میانه‌ی به‌شداری كردنی له‌ كۆنگره‌ی حزبی كۆماریه‌كان رایگەیاند، “سەرۆکوەزیرانی عێراق هەفتەی رابردوو لێرەبوو، گوتی دەمەوێت سوپاستان بکەم بۆ تێکشکاندنی داعش. منیش پرسیارم کرد، ئاخۆ سوپاسی من دەکەیت یان ئەمریکا؟ ئەو گوتی ‘تۆ، چونکە کاتێک تۆ بوویتە سەرۆک بارودۆخەکە زۆر خراپ بوو و داعش لە هەموو شوێنەکان هەبوون لە عێراق و لە سووریا. بەڵام بەڕێز سەرۆک تۆ تێکتشکاندن.’ منیش گوتم باشە، بەڵام ئەوە بە راگەیاندنەکان بڵێ. ئەویش گوتی وادەکه‌م. بابزانین وادەکات”.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کرد، “لە ماوەی سەرۆکایەتیی مندا بوو داعش بە تەواوی شکستی پێهێنرا، هەر بۆیە سەرۆکوەزیرانی عێراقیش سوپاسی تایبەتی منی کرد”.
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ڤاکسینی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئاماژەی بەوە دا، بەم زووانە بڕێکی زۆر ڤاکسینی کۆرۆنا ئامادە دەبێت. ئەوەیشی خستەڕوو، کاری زۆر باشیان بەخێرایی و کواڵیتییەکی بەرز کردووە و کۆمپانیاکانی دەرمان بەرەوپێشچوونی باشیان لە دروستکردنی ڤاکسینی دژی ڤایرۆسەکەدا بەدەستهێناوە.
Back to top button