بارزانی مەلا خالید كۆچی دوایی كرد
بارزانی مەلا خالید كەسایەتیی شۆڕشگێڕ و سیاسی هەرێمی كوردستان بەرەبەیانی ئەمڕۆ كۆچی دوایی كرد.
ئەمڕۆ سێشەممه 25ـی ئاب، بارزان خالید عەزیز ناسراو بە بارزانی مەلا خالید لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی توركیا كۆچی دوایی كرد.
بارزانی مەلا خالید لە ساڵی 1945 لە گوندی مورتكەی گەورە سەر بە شارەدێی قوشتەپە سەربە پارێزگای هەولێر لە دایك بووە. باوكی مەلایەكی نیشتمانپەروەر و نزیك بە مەلا مستەفا بارزانی بووە و بەهۆی خۆشەویستییەك كە بۆ بارزانی هەبووە، ناوی كوڕەكەی خۆی كردووەتە بارزان.
مەلا خالیدی باوکی، مەلایەکی نیشتمانپەروەر و نزیک بە مەلا مستەفا بارزانی، رێبەری شۆڕشی ئەیلوول بووە و بەهۆی خۆشەویستییەکەی بۆ بارزانی، ناوی کوڕەکەی خۆی کردووەتە بارزان.
بارزان خوێندنی سەرەتایی لە گوندی مورتكە و ناوەندیی لە هەولێر تەواو كردوە و لە كۆتایی خوێندنی دواناوەندیدا بووە، لە بەهاری ساڵی 1966دا چووەتە ڕیزی پێشمەرگەكانی بەتالیۆنی دووی سەر بەهێزی سەفین لە لقی چواری دەشتی هەولێر كە فەرماندەكەی عەریف عوسمان یوسف بووە. ساڵی 1967 بۆ ماوەی ساڵێك مامۆستای شۆڕش بووە.
بارزان لە هەشتی حوزەیرانی ساڵی 1993 پۆستی بریكاری وەزارەتی ڕۆشنبیری حكوومەتی هەرێمی كوردستانی دراوەتێ. بەشداریی كۆنگرەكانی هەشت تا 13ی پارتی دیموكراتی كردووە، لە كۆنگرەی 11دا بە ئەندامی جێگری كۆمیتەی ناوەندی هاتووەتە هەڵبژاردن و لە كۆنگرەی 13ی پارتیدا گوتەبێژی كۆنگرە بووە.
ساڵی 2006 بارزان مەلا خالید تووشی نەخۆشی دڵ بووە و نەشتەرگەری دڵی بۆ كراوە و ڕۆژی 15/12/2010 بەهۆی خەبات و چالاكییەكانیەوە میدالیای بارزانی وەرگرتووە. ئەو گوتی، بە وەرگرتنی میدالیای بارزانی زۆر خۆشحاڵ بووم. هەستم كرد كە بەڕاستی پێشمەرگە و خەباتكار بوومە و پاداشتی ڕەنج و خەباتی ماوەی ژیانم لەلایەن سەرۆك بارزانی بەمن درا.
لە كۆتایی ساڵی ١٩٨٨وە تا ساڵی ١٩٩٠ نوێنەری پارتی دیموكرات بووە لە بەشی ڕاگەیاندنی بەرەی كوردستانیدا و بە هاوكاری لەگەڵ نوێنەری حزبەكانی بەشدار لە بەرەی كوردستانیدا، مانگانە ڕۆژنامەیەكیان بەناوی “بەرەی كوردستانی” بڵاو كردووەتەوە.
لە كانوونی دووەم ساڵی 1990دا بە فەرمانی سەرۆك بارزانی سەرلەنوێ گواستراوەتەوە بۆ ڕادیۆی دەنگی كوردستان و تا ڕاپەڕینی ساڵی 1991 لەو ڕادیۆیەدا خەباتی كردووە. وەك خۆی دەڵێت رۆڵی سەرەكی هەبووە لە جۆشدانی جەماوەر و هاندانی پێشمەرگەكان لە ڕاپەڕیندا.