پەیامێك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەساڵیادی ئه‌نفالى باديناندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ ده‌بێت حكوومه‌تى فيدرالى عێراق ئه‌ركى ياساييى خۆى و بڕيارى دادگاى باڵاى تاوانه‌كانى عێراق جێبه‌جێ بكات كه‌ شاڵاوه‌كانى ئه‌نفالى به‌ تاوانى دژى مرۆڤايه‌تى و جينۆسايد و جه‌نگ ناساندووه‌ و قوربانييان و كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوان له‌ هه‌موو ڕوويه‌كه‌وه‌ قه‌ره‌بوو بكاته‌وه‌، هەروەها لەناوخۆشدا یادەکە پێویستە هانده‌رى زياترمان بێت بۆ پته‌وكردنى ته‌بايى و يه‌كڕيزيى لايه‌ن و پێكهاته‌كانى كوردستان.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ 25ی ئاب کە ساڵیادی ئه‌نفالى بادينان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردوە، له‌ 25ى ئابه‌وه‌ تا 6ى ئه‌يلوولى 1988 له‌ دوا قۆناغه‌كانى ئه‌نفالدا زۆربه‌ى زۆرى ناوچه‌كانى بادينان كيمياباران كران و هه‌موو پێكهاته‌كانى خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌ له‌لايه‌ن پێنج فيرقه‌ى سه‌ربازييه‌وه ڕووبه‌ڕووى گرتن و كوشتن و ڕاگواستن بوونه‌وه‌، مزگه‌وت و دێر و گونده‌كانى بادينان به‌ر شاڵاوه‌كه‌ كه‌وتن و وێران كران، لەم یادەدا دەخوازین له‌ هه‌رێمى كوردستان خزمه‌تى زياترى قوربانييانى ئه‌نفال و به‌دواداچوون بۆ چاره‌نووسى ونبووان بكرێت.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان:

“ئه‌مڕۆ به‌ ڕێز و شكۆوه‌ يادى قوربانييانى ئه‌نفالى بادينان ده‌كه‌ينه‌وه، دروود بۆ گيانى پاكى شه‌هيدان و سڵاو بۆ كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزيان ده‌نێرين. له‌ به‌رده‌واميى ئه‌و شاڵاوه‌ به‌دناوه و له‌ تاوانێكى ديكه‌ى دڕه‌نده‌دا، ساڵى 1988 ڕژێمى به‌عس (180) هه‌زار هاووڵاتيى كوردستانى هه‌ر له‌ گه‌رميانه‌وه‌ تا بادينان بێ جياوازى بێسه‌روشوێن و شه‌هيد كرد و هه‌موو شوێنه‌وارێكى ژيانى له‌ هه‌زاران دێهاتى كوردستان سڕييه‌وه‌.

له‌ 25ى ئابه‌وه‌ تا 6ى ئه‌يلوولى 1988 له‌ دوا قۆناغه‌كانى ئه‌نفالدا زۆربه‌ى زۆرى ناوچه‌كانى بادينان كيمياباران كران و هه‌موو پێكهاته‌كانى خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌ له‌لايه‌ن پێنج فيرقه‌ى سه‌ربازييه‌وه ڕووبه‌ڕووى گرتن و كوشتن و ڕاگواستن بوونه‌وه‌، مزگه‌وت و دێر و گونده‌كانى بادينان به‌ر شاڵاوه‌كه‌ كه‌وتن و وێران كران، ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌ تاوانه‌كه‌ ڕزگاريان بوو، به‌ره‌و ئێران و توركيا و وڵاتان دى، ئاواره‌ و ده‌ربه‌ده‌ر بوون.

له‌م ياده‌دا دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ ده‌بێت حكوومه‌تى فيدرالى عێراق ئه‌ركى ياساييى خۆى و بڕيارى دادگاى باڵاى تاوانه‌كانى عێراق جێبه‌جێ بكات كه‌ شاڵاوه‌كانى ئه‌نفالى به‌ تاوانى دژى مرۆڤايه‌تى و جينۆسايد و جه‌نگ ناساندووه‌ و قوربانييان و كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوان له‌ هه‌موو ڕوويه‌كه‌وه‌ قه‌ره‌بوو بكاته‌وه‌، له‌ هه‌رێمى كوردستانيش خزمه‌تى زياترى قوربانييانى ئه‌نفال و به‌دواداچوون بۆ چاره‌نووسى ونبووان بكرێت، هه‌روه‌ها به‌رده‌وام بين له‌ به‌دۆكيوومێنتكردنى تاوانه‌كان و هه‌وڵدان بۆ ناسانديان به‌ جينۆسايد له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى بۆ ڕێگريكردن له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌يان له‌ هه‌ر شوێنێكى جيهان.

ده‌بێ يادى ئه‌نفال هانده‌رى زياترمان بێت بۆ پته‌وكردنى ته‌بايى و يه‌كڕيزيى لايه‌ن و پێكهاته‌كانى كوردستان و ئەو لاپەڕانەی مێژوو پێویستە ببنە ھەوێنی لێبووردەیی و ئاشتی و پێکەوەژیان و پاراستنی دەستکەوتەکانى كوردستان كه‌ ئه‌وه‌ش باشترين وه‌فادارييه‌ بۆ خوێنى شه‌هيدان. هه‌ر له‌م ياده‌دا سوپاس و پێزانينمان بۆ خه‌ڵكى هه‌ولێر و ده‌وروبه‌رى دووپات ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌يه‌ك هاوكاريى خه‌ڵكى لێقه‌وماوى بادينانيان كرد كه‌ له‌و شاڵاوه‌دا ڕاگوێزرانه‌ كه‌مپى زۆره‌ملێى جێژنيكان، جوامێرى و مرۆڤپه‌روه‌رييان هه‌رگيز له‌بير ناكرێت.

سڵاو له‌ گيانى پاكى شه‌هيدانى ئه‌نفال و ته‌واوى شه‌هيدانى كوردستان.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

25/8/2020”

Back to top button