ئەمڕۆ لووتكەی سێ قۆڵیی مستەفا كازمی و شا عەبدوڵڵای دووەم و عەبدولفەتاح سیسی به‌رێوه‌ده‌چێت

ئەمڕۆ سێشەممە 28ی ئاب، لوتکەی سێ قۆڵی عێراق، ئوردن و میسر، بە ئامادەبوونی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، شا عەبدوڵڵای دووەم شای ئوردن و عەبدولفەتاح سیسی، سەركۆماری میسر، لوتكەی سێقۆڵیی نێوانیان لە شاری عەممان پایتەختی ئوردن دەبەسترێت.

ئاژانسی هەواڵیی فەرمی ئەلعێراقییە بڵاوی كردەوە كە لە میانی لوتكەكەدا، مستەفا كازمی و عەبدوڵڵای دووەم و عەبدولفەتاح سیسی كۆدەبنەوە.

ئاژانسی ئەلعێراقییە ئاماژەی بەوەیش داوە كە هەر لە کۆبوونەوەی لوتكەدا، سەبارەت بە ژمارەیەك پرسی گرنگی پەیوەست بە هەرسێ وڵات گفتوگۆ دەكرێت لەوانە پتەوتركردنی هاوكاری ئابووریی و بازرگانیی، وەبەرهێنانی هاوبەش لەنێوان عێراق، ئوردن و میسر و ژمارەیەك پرسی دیكەی هەرێمیی.

لوتكەی سێقوڵیی نێوان ئەو سێ وڵاتە بۆ یەكەمجار لە ئازاری 2019دا لە قاهیرەی پایتەختی میسر سازكرابوو كە تێیدا عێراق، ئوردن و میسر ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی كە هاوكاری ئابووریی و بازرگانیی، هەروەها وەبەرهێنان لەنێوانیان پتەوتر بكەن.

Back to top button