نهێنی خۆپێشاندانەكانی سلێمانی چیە؟ خواكورك ئاشكرا دەكات
لە ساڵی 2011 و لە 17ی شوباتی هەمان ساڵ خۆپێشاندانێك دەستی پێكرد، خۆپێشاندانەكە بۆ پاڵپشتی بەهاری عەرەبی بوو، دواجار خۆپێشاندانەكە، بەئاراستەی پارتێكی سیاسی كە لەو سنورەدا هیچ دەسەڵاتێكی نەبوو برا و بارەگای ئەو پارتە( كە پارتی دیموكراتی كوردستان بوو) كرا ئامانجی بەناو خۆپێشاندانەوە، لەهەموو سنوری ئیدارەی سلێمانی پارتی وەك حزب بەئامانج گیرا و بارەگاكانی هێرشی كرایە سەری” ئەو خۆپێشاندانە دوای دوو ساڵ لە شكەست هێنانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و دابەش بوونی بوو، كە باڵێكی گەورەی بەناوی ( گۆڕان) لێ جیا ببوە، ئەو باڵە لەژێر ناوی كۆمەڵێك پرۆژەدا سەری دەرهێنا، ئاراستەی سەرەتاكەی بەوە پێناسە كرا كە بەدیلی دەسەڵاتی ( یەكێتی لە سلێمانی و پارتی لە هەولێر) بەڵام دواجار لەنێوان دەزگای مخابەراتی یەكێتی و گۆڕان ئاراستەكە گۆڕا بۆ لێدان لە پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی، بۆیەش هەر لەو رۆژە ( بزووتنەوەی گۆڕان) نەیتوانی لە پەیامەكانی دا وەك پرۆژەیەكی جیاواز خۆی پێناسە بكات.
پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی گۆڕان كەوتە ناو تەڵەی 17ی شوبات
سەرەتای ساڵی 2009 گۆڕان لەرێگای كەناڵی كەی ئێن ئێن هاتە ناو گۆرەپانی سیاسی بە شێوەیەكی نیمچە رسمی و لە دواجار لە هەڵبژاردنەكانی هەمان ساڵدا وەك قەوارەیەكی سیاسی خۆی راگەیاند، پرۆژەی گۆڕان لەسەرەتادا وەك پرۆژەیەكی بەهێز لەكوردستاندا سەیری كرا بۆ چارەسەری كردنی كۆی دۆخی حكومرانی كوردستان، بەڵام گۆڕان نەیتوانی دوو ساڵ پڕ بكات و كەوتە ناو ( یاریەكی مخابەراتی) ئەو یاریەش 17ی شوبات بوو، كە ئاراستەی تێروانینەكان بەتەواوی لەسەر گۆڕاندا گۆڕا، دۆخی سیاسی سلێمانی بەتەواوی گۆرا، ئالێرەدا مۆدێلێك لە خۆپێشاندان لە سلێمانی سەری هەڵدا بەشێوەیەكی فرەوان، كە ئەو مۆدێلە لە خۆپێشاندانە لە سلێمانی بەئاراستەی دژایەتی ( پارتی و حكومرانی كوردستان و سەروەری كوردستان و ستراتیژیەتی كوردستان و پێكەوەژیانی سیاسی لە كوردستان) بەكارهێنرا، تاوەكو ئێستا گۆڕان نەیتوانیوە لەو فۆرمە لە خۆپێشاندانی سلێمانی تێبگات كە تێوەگڵانی گۆڕان لە خۆپێشاندانی 17ی شوبات، گەورەترین زەربە بوو و تێوەگڵانی گۆڕان بوو لە ( ئاراستەی نەهێشتنی ئەو كەمە متمانە و پێكەوە ژیانە سیاسیەی كە لە پێش 17ی شوبات لەكوردستان هەبوو، ئالێرەدا زەربەیەكی گەورە بەر پرۆژەی سیاسی گۆڕان كەوت، لەوەی گۆڕان وەك هێزێكی دژە پێكەوەژیانی سیاسی بینرا، تێروانینی شۆرەشگێرانەش بەئاراستە دژایەتی پارتی هەر لەو خۆپێشاندانەبوو سەری هەڵدا، گۆڕان تاوەكو ئێستا لەوە تێنەگەیشت، كە پرۆژەی گۆڕان لەسەر بنەمایی مەفهومی بەدامەزراوەكردنی كوردستان بوو لەسەر بنەمایی دەوڵەتی مۆدێرن، بانگەشەكانی نەوشێروان مستەفا و گۆڕان لە ئەرشڤی كۆی میدیاكاندا ماوە، كە گۆڕان بانگەشەی بۆ دەكرد، بەڵام بێ ئاگابوو لەوەی كە بەدامەزراوەكردنی دامەزراوەكانی كوردستان بەمەفهومی دەوڵەتی مۆدێرن بەندە لەسەر بنەمایی ( پێكەوەژیانی سیاسی و متمانەی سیاسی) كە گۆڕان لەو دوو خاڵەدا لە 17ی سوپات كەوتە تەڵەیەكی مخابەراتی و بەم شێوەیە نەیتوانی رزگاری ببێت.
بەردەوامی خۆپێشاندانەكانی سلێمانی،
دوای 17ی شوبات بەردەوام لە سنوری سلێمانی خۆپێشاندانێك لەژێر تینی ( شۆرەش و راپەرین) بەرێوە دەچێت، ئەو خۆپێشاندانە لەرووی تیوەریەوە، تەواو پارادۆكسە، دژە خۆیەتی، بنەماكانی بانگەشە و دروشمەكانی خۆپێشاندان، بە زەقی ( دژی پێكەوەژیانی سیاسی و لەسەر بنەمایی ” كودەتای و نەمانی سەروەری كوردستان و بێ نرخ كردنی كۆی دامەزراوەكانی كوردستان بەرێوە دەچێت) ئەو خۆپێشاندانانە بەردەوام كۆمەڵێك ” كارەكتەری پۆپۆلیست بۆ حزبەكانی سنوری سلێمانی دروست دەكات، دواجار دیانگوازنەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان” خۆپێشاندانەكان لەژێر ناوی ماف و رووداوە سیاسیەكان و كێشە دارایەكان، سەرهەڵدەدات، دواجاریش بە ئاراستەی سوتاندنی دامەزراوەكان و بارەگای حزبێكی دیاری كراو كۆتایی پێ دێت كە پارتی دیموكراتی كرودستانە، دروشمەكانی خۆپێشاندان لەسەرەتاوە بەناوی ( مافی هاوڵاتیان) دەبێت و دواجار دەچێتە ژێر ركێفی دژایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و دواجاریش دەڕژێتە ژێر سوتاندن بارەگا و دامەزراوەكانی حكومی لەو ناوچەیەدا، خۆپێشاندانەكان ئەوەندە چۆتە ژێر ركێفی حزبی هەموو كات لەناوچەكاندا كەسایەتیە سیاسیەكان و حزبی و چەكداریەكان، ئاراستەی خۆپێشاندان ئەوەندە بەرتەسك دەكەنەوە، بەكاری دەهێنن بۆ سوتاندن و لەناو بردنی دۆسیەی پێشەڵكاریی و دیكۆمێنت تاریەكان بۆ بەرژەوەندی بازرگانی خۆیان، خۆپێشاندانەكانی سلێمانی بە سیمایەكی مەدەنی لە چركەساتی یەكەم دەستپێدەكات و دواجار بە دوكەڵ و ستاندنی دیكۆمێنت تاریەكان و بەڵگە یاسایەكان كۆتایی پێدێت، تاوەكو ئێستا كەس ناپرسێت ئەرێ ئەوە چیە لەژێر ناوی خۆپێشاندان دەگوزەرێت..
خۆپێشاندان یان بەكارهێنانی خەڵك بۆ بازرگانی
واقیعی كوردستان دابەش بوونی حزبی قوڵی هەیە، هێشتا برینەكانی شەری ناوەخۆ و دوو ئیدارەی لەهەرێمی كوردستان ئاسەواری زۆری تێدا دەبینرێت، لەدوای 2005 تا 2011 متمانەیەكی باش لەكوردستان گەشەی كرد لەنێوان حزبە سیاسیەكانی كوردستان، ئەو متمانەیە وردە وردە بەئاراستەی یەكخستنی ئیدارەی كوردستان هەنگاوی دەنا، بەڵام دوای 17ی شوبات لەژێر ناوی خۆپێشاندان، ئەو متمانەیە بەتەواوی كەوتە بەردەم بنبەست و بەمەش كوردستان پاشەكشەی كرد لە رۆیشتنی بۆ یەك ئیدارەی و یەك حكومرانی لەكوردستاندا، ئەو خۆپێشاندانەی لە 17ی شوبات سالی 2011 كرا گەورەترین كارەساتی سیاسی بوو لەكوردستاندا، چونكە ئەوەی لە 17ی شوبات كرا، وەستاندنی كوردستان بوو لە رۆیشتن بۆ پێكەوەژیانی سیاسی و متمانەی سیاسی بۆ یەكخستنی كوردستان و دروست كردنی دامەزراوەی دەوڵەتی لەسەرتاسەری كوردستان، ئەوەی لەژێر ناوی خۆپێشاندان لەسلێمانی دەگوزەرێت، بەئاراستەی دابەشبوونێكی قوڵی كوردستان دێت، نەك بەئاراستەی مافی هاوڵاتی، چونكە بەسەنتەر بوونی هاوڵاتی و مافی هاوڵاتی لە حكومرانی كوردستاندا بەم دابەش بوونە حزبیە ناكرێت، وەك ئەوەی خۆپێشاندانەكانی سلێمانی لەژێر ناوی شۆرەش بانگەشەی رووخانی هەولێر دەكەن.
خۆپێشاندانێكی حزبی بانگەشەی رووخانی هەولێر و پارتی
رۆژ نیە گوێمان لە هاندانی رووخانی پارتی نەبێت لەژێر سێبەری دابەشبووە حزبەكانی سلێمانی دا، بەڵام كەسێك ناپرسێت، چون تۆ لەژێر ناوی رووخانی پارتی هانی جەماوەرەكەت دەدەیت، لەكاتێكدا پارتی بەقەدەر هەموو حزبە سیاسیەكانی سلێمانی جەماوەری هەیە، لەرووی فۆرمی حكومرانی دا پارتی لەكۆی پرۆژەكانی تۆ كە لە سلێمانی بنیاتت ناوە، بە دەیان ساڵ لە پێشترە، هەولێری لە وێرانیەك كردۆتە ناوەندێكی كە لەچاوەكانماندا دەچەقێت كە بەدەیان ساڵ لەرووی حكومرانی دا لەپێشەوەی تۆیە، لە چەسپاندنی جۆڕێك لە دامەزراوەی ئیداری، لە شەقامەكانی سلێمانی دا نیە تێپەرنەبیت بەبەردەم وێنەیەكی حزبی یان سەركردەیەكی حزبی، بەڵام لەكۆی هەولێر وێنەیەكی سەركردەی حزبی بەشێوەیەكی فەرمی نابینیت، پرۆژە ستراتیژیەكانی هەولێر لەرووی ئیدارەی و دامەزراوەیی دا فۆرمێكت پێدەدات كە هەر بۆ بەراورد ناشێت بە كۆی پرۆژەكانی تۆ لە سلێمانی دا، كەوایە پرسیار ئەویە چۆن تۆ بەم هەموو كاوڵبووەی ئیداریە دێت داوای رووخانی هەولێر دەكەیت؟! ئایا دەچێتە ئەقلی كەسێك كە تۆ لە ئیدارەدا دەیان ساڵ لەدواوەی هەولێر بیت بێت باسی حكومرانیەكی باشتر لەهەولێرم بۆ بكەیت؟ ئایا كەسێك ئەوەی لەخۆی پرسیوە؟ ئەگەر تۆ پێت وایە یەك ئیدارەیە، كەوایە بۆچی لەناو شەقامەكانی سلێمانی دا بەئاشكرا بەخەڵك دەلێت هیچ فەرمانێك لەهەولێرەوە لێرە جێبەجێ ناكەین، كەوایە بۆچی هێزە چەكداریەكانی حزبیت بەتەواوی ناخەیتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و بە فەرمانی حزبی لە 16ی ئۆكتۆبەر دا دەیكێشیتەوە، بۆیە خۆپێشاندانی سلێمانی خراوەتە ناو وەهمێكەوە، كە كەس نازانێت بۆكوێ دەچێت و بۆچی دەسووتێنێت و بۆچی دەروخێنێت؟
ئەنجامی خۆپێشاندانەكانی سلێمانی چین.
- یەكەم: یەكێك لەخاڵە هەرە ئامانجدارەكەی خۆپێشاندانەكانی سلێمانی ئەوەیە، كە هیچ كات رێگا نەدات بە دروستكردنی متمانەی سیاسی لەنێوان حزبە سیاسیەكان و یان پێكەوەژیانی سیاسی لەكوردستاندا.
- دووەم: ئامانجەكانی خۆپێشاندان ئەوەیە كە بەردەوام ” دوو ئیدارەی سیاسی لە كوردستاندا دەخاتەوە روو”
- سێهەم: خۆپێشاندانەكانی سلێمانی كاتێك بەمەدەنی دەست پێدەكات و بە سوتاندن و شەرە تەقە و كوشتن كۆتایی دێت، بۆ ئەوە دەگەرێتەوە، لە هەرناوچەیەكدا كەسایەتیەكی سیاسی بازرگانی بە دیكۆمێنتەكان و نووسراوە فەرمیەكانی حكومەت دەكات لەناویشدا تەسفیەی ( بەرژەوەندی سیاسی خۆی دەكات) بەهۆی ئەو دابەشبوونەی یەكێتی لەناوەخۆیدا لەدوای 2009وە كە روویداوە.
- چوارەم: بەشداری حزبە سیاسیەكانی بەدەر لە یەكێتی لە خۆپێشاندانەكان بۆ ئەوە دەگەرێتەوە لەرێگای ئەو خۆپێشاندانە دەیان پۆپۆلیستی سیاسی بەرهەم دەهێنن لەرووی جەماوەریەوە، دواجار دەیانگوازنەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان ئەوان تەنها لەرووی كۆكردنەوەی دەنگ بەشداری دەكەن.
بۆچی خۆپێشاندانەكانی سلێمانی هیچ دەستكەوتێكی تێدا نیە جگە لە زیان بۆ هاوڵاتیان
خۆپێشاندان لەسەر بنەمایی ئەو فۆرمە هەڵدەسەنگێنرێت كە ئاراستە دەبێت، خۆپێشاندانەكانی سلێمانی لەژێر دروشمی قوڵی دژە كوردستان ساز بووە، خاڵیە لە گوتاری نەتەوەی و كوردستانی، بەفۆرمی دژایەتی كوردستان و دامەزراوەكانی هاندەدرێت، ئەمەش بێ ئەوەی خەڵكی خۆپێشاندەر لێی تێبگات راستەوخۆ ئەو فیشەكە ئاراستەی سینگی خۆی دەكات، چونكە دواجار هەر ئەو هاوڵاتیەیە لەكوردستاندا دەژیت و لەژێر ئاسمانی ئەو خاكەدا هەناسە دەدات، بەمەش ناسنامەی خۆی بزر دەكات و لێی تێناگات بۆچی دواجار خۆپێشاندانەكەی لەزیانی خۆیدا شكاوەتەوە؟
خۆپێشاندانی سلێمانی لەجێگای بەهێزكردنی دامەزراوەكان لەرووبەروو بوونەوەی گەندەڵی و بنیات نانی یەك حكومرانی سەرتاسەری و پێكەوەژیانی سیاسی و دەرچوون لە فۆرمی حزبی، بۆ گەرانەوەی عەداڵەتی كۆمەڵایەتی، بەتەواوی بەئاراستەی قوڵكردنەوەی كۆمەڵگە لە سەر بنەمایی دابەشبوونی حزبی ساز دەكات و ئەو دامەزراوانەی كە هەشن دەی رووخێنێت و دەیسوتێنێت، بەمەش زیاتر دەرفەت دەدات كە فۆرمی حزبی بەسەر دامەزراوەكانی حكومەتدا زاڵ بێت و گەندەڵی زیاتر باڵ بكێشێت بەسەر وڵاتدا، پێكەوەژیانی سیاسی و متمانە سیاسی نەمێنێت، بەمەش ئەو قەرەقووشە دروست بێت كە ئێستا باڵی كێشاوە بەسەر سنوری ئیدارەی سلێمانی دا و بەمەش لەكاتی هەڵبژادنەكاندا كۆپی باركۆدی هەڵبژاردنی ئەلیكتۆرنی بەئاشكرا بكرێت و چەكداری حزبی زاڵبێت بەسەر دەنگی هاوڵاتیان دا.
ئیتر كاتی ئەوەیە خۆپێشاندەران لە پارێزگای ئازیزی سلێمانی تێبگەن بۆچی بەردەوام خۆپێشاندانەكانیان لەدژی خۆیان هەڵدەسورێتەوە..
راپۆرتی شیكاری دەزگای میدیایی خواكوڕك