وەزیری پەروەردە بژاردەی سەرەكی بۆ خوێندنی ئەمساڵ ئاشكرا دەكات

وەزیری پەروەردەی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ چاوەڕێی ھەڵسەنگاندنی وەزارەتی تەندروستی دەكەن لەبارەی دۆخەكە، ئاماژەی بەوەشكرد پێشنیازی وەزارەتی پەروەردە ئەوەیە پرۆسەی خوێندن لەكاتی خۆی دەست پێبكاتەوە.

ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لە پارێزگای دهۆک رایگەیاند، “بژاردەی سەرەكی ئێمە ئەوەیە دەوامی قوتابخانەكان لەكاتی خۆی دەست پێبكاتەوە، بەڵام دەبێ چاوەڕێی ھەڵسەنگاندنی وەزارەتی تەندروستی بكەین لەبارەی دۆخەكە، ئەگەر ھەڵسەنگاندنی وەزارەتی تەندروستی ئەوەبێت كە دەوام بۆ چەند ھەفتەیەك لەكاتی خۆی دوابخرێت، ئەوا بە باشی نازانین بیر لە بژاردەی دیكە بكەینەوە، دەمانەوێت لەگەڵ پاراستنی گیانی مامۆستا و قوتابیان كوالێتی خوێندنیش بپارێزین”.

وتیشی “ھیچ بڕیارێك لەبارەی گۆڕانكاری لە دەوام نەدراوە، ئەوەی باس دەكرێت تەنھا تاوتوێكردنە و لە حاڵەتی ناچاری پەنا بۆ بژاردەی دیكە دەبەین، ئەمەش لەكاتێكدا كە كۆرۆنا لەوپەڕی ھەڵكشاندابێت”.

Back to top button