مەسرور بارزانی: هەرێمی كوردستان بە كەمتر لە 5%ی بودجەی گشتی بووژایەوە
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، هەرێمی كوردستان نەك 17%ی بەشە بودجەی گشتی لە عێراق وەرنەگرتووە، بەڵكو كەمتر لە 5%ی بودجەی گشتی عێراقی پێدراوە.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانەی دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ ژمارەیەك كەناڵی عێراقی و عەرەبی رایگەیاند، هەرێمی كوردستان نەك 17%ی بەشە بودجەی گشتی لە عێراق وەرنەگرتووە، بەڵكو كەمتر لە 5%ی بودجەی گشتی عێراقی پێدراوە، بەڵام بەم بەشە كەمەش هەرێمی كوردستانی بوژاندەوە “پێویستە بپرسین عێراق چی لەو 95%ی بودجەی ساڵانەی كردووە؟”.
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەخنەی لە حكومەتەكانی عێراق گرت بەوەی نەك 17%ی بەشە بودجەیان نەداوەتە هەرێمی كوردستان، بەڵكو بە شێوەیەكی نایاسایی بەشە بودجەی هەرێمیان بۆ 12.6% كەم كردەوە، دواتریش لە ڕاستیدا كەمتر لە 5%ی بودجەی عێراقیان بۆ هەرێمی كوردستان دەنارد، چونكە هەر لە بنەماوە 45%ی بودجەكەیان بە ناوی خەرجیی سیادییەوە بۆ خۆیان دەبرد.
مەسرور بارزانی وتی “بێویژدانییە كە بڵێن هەرێمی كوردستان لەسەر حیسابی ناوچەكانی تری عێراق بوژاوەتەوە، ئەوەی واش دەڵێ با پەلە بكات لە ئەنجامدانی سەرژمێریی دانیشتوان، تا بابەتەكە ڕوون بێتەوە. لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان نەك 17%ی بەشە بودجەی لە عێراق وەرنەگرتووە، بەڵكو كەمتر لە 5%ی بودجەی گشتیی عێراقی پێدراوە، بەڵام بەم بەشە كەمەش هەرێمی كوردستانی بوژاندەوە، پێویستە بپرسین عێراق چی لەو 95%ی بودجەی ساڵانەی كردووە؟”.
سەبارەت بەهێرشی ڕێكخراوی چەكدارانی لە 2014 و هەڵوێستی حكومەتی بەغدا لەو كاتەدا، مەسرور بارزانی روونیكردەوە “كاتێك داعش لە سنووری بەغدا نزیك دەبووەوە، هێزەكانی پێشمەرگە لەبەرەكانی شەڕدا بۆ یەكەمجار شكۆ و ئەفسانەی داعشیان تێكشكاند، ئەمەش بووە هەلێك تا سوپای عێراق ڕیزەكانی خۆی ڕێك بخاتەوە و دەست بە هێرشی پێچەوانە بكات بەرانبەر داعش. كەچی حكومەتی عێراق یارمەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانی نەدا لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، ڕێگریشی دەكرد لەوەی یارمەتییە سەربازییەكان بگاتە دەست پێشمەرگە”.