بۆچی گۆڕان ترسی لە چارەسەری دۆخی هەرێمە؟
یاد سرێشمەیی
دوای ئەوەی گەڕێكی دیكەی دانووستان بە مەبەستی شكاندنی بەستەڵەكی سیاسی نێوان هێزە سیاسییەكانی هەرێم دەستی پێكردەوە، لە دواهەمین كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی (پارتی و یەكێتی) كە دەشێت بە كۆبوونەوەی مژدە بەخشی ناوی بەرین، لەسەر ئاستی سیاسی بەرگی ئومێدی كردەوە بەر ئەو ستراتیژیەتەی لەلایەن ئەم دوو پارتە بۆ ئایندەیەكی گەشتر خراوەتەروو، لە سەر ئاستی كۆمەڵایەتیش ئومێدی لە دەروونی هەموو ئەوانە دروستكردەوە كە بەخەم دۆخەكەوە بوون، ترسی بەهەڵدێر داچوونو خراپتر بوونی دۆخی ئەو هەرێمەیان بوو كە بەگیان قوربانیان بۆی داوە.
دەرهاوێشتە سیاسییەكانی دوا كۆبووونەوەی ئەو دوو حزبە كە بە ئاراستەی تێپەركردنی قەیرانەكان بوو، بەقەد ئەوەی رەنگدانەوەی پۆزەتیڤی بەسەر روخساری هاونیشتمانییانەوە بووە، رەنگدانەوەی نێگەتیڤی بەسەر خیتابی سیاسی بزووتنەوەی گۆڕانو میدیاكانیو هەرزە سیاسییەكانی نێو ئەو بزووتنەوەیە بوو، بە خوێندنەوەیەكی سادە بۆ ئەو مامەلەیەیی گۆڕان رێك دوای كۆبوونەوەی پارتیو یەكێتی دەگەینە ئەو ئەنجامەی وێڕای ئەوەی فەشەلێ گۆڕان لەحكومەتداری بزووتنەوەی گۆڕانی لە پێگەی جەماوەری وەپاشخست، ئەوا گۆڕان بەهەموو شێوەیەك بۆ پەردە پۆشكردنی نموونەی فەشەلیی حكومەتداری خۆی كە نەیتوانی دەروەستی داخوازییەكانی هاونیشتمانیان بوەستێتەوە و بۆ شاردنەوەی قەیرانی بەڕێوەردنی ناوخۆی حزبەكەی لەگەڵ ئیدامەدانە بە لالوتی سیاسی.
بەتێفكرین لە ئاراستەی سیاسی گۆڕان لە هەنوكەدا، پرسیارێك پێشمان پێدەگرێت، كە رەنگە پرسیاری بەشێكی زۆری كۆمەڵگا بێت، ئەرێ بۆچی گۆڕان بە كۆبوونەوەی پارتیو یەكێتی كەوتۆتە تەنگە تاوی؟ بێگومان تەسكبوونەوەی سیكڵدانی سیاسی گۆڕان پەیوەندی بەوەوە هەیە، گۆڕان باوەڕی ئەوەی بۆ دروست بووە پارتی جارێكی دیكە بەو لیاقە لاوازەی هەیانە شانسی پشكداری پێكردنیان لە حكومەت كەمتردەكات، دیسان هەست كردن بە پەراوێزخستنیان لە لایەن یەكێتی بە تایبەت لە زۆرنی سەوزو نیڵیو ترسی لە دەستدانی متمانەی دەنگدەرو لایەنگرانی بۆ بوونەوە بە ئۆپۆزسیۆن هەرە دیارترین هۆكارەكانن، كە گۆڕان ناخوازێت چارەسەری دۆخەكە وەدی بێت.
جگە لەوە هەر جۆرە ناكۆكییەك لە هەرێم یارمەتیدەرێكی باشی بزووتنەوەی گۆڕانە لەسەر دوو ئاست، یەكەمیان بەو پێیەیی بزووتنەوەی گۆڕان لە ژینگەیەكی فەوزەوی هەڵقوڵاوە، بۆیە نەسازانو پەرتەوازەی نێو ماڵی كورد دەرفەتی رەخساندنی ئەو ژینگەیە بۆ گۆڕان بەدەستەوە دەدات تا لەسەر پێ بوەستێت، لە سەر ئاستی دووەمدا گۆڕان لەهەر لەیەكنزیك بوونەوەیەكی نێوان هێزە سیاسییەكان دەستكەوتی دوو ساڵی رابردوو لەدەست دەدات كە زۆر بە جدی كاری لە پێناو كردووە.
لە ئێستادا گۆڕان وەگەڕ خستنی میدیاكانی دژ بە هەوڵی لەیەكنزیك بوونەوەی لایەنەكان بە تایبەت پارتیو یەكێتی لە لایەك، تۆخكردنەوەی ئیڕهابی فیكری دژ بە خوازیارانی تێپەڕكردنی دۆخەكەو پەرە پێدانی كلتوری سڕینەوەی لایەنی بەرامبەر لە پێناو مانەوەی خۆی لە لایەكی تر بە مەترسی نازانێت لەسەر پرۆسەی دیموكراسی، بەڵكو پێداچوونەوە بە دابەشكردنەوەی دەسەڵاتەكانی هەرێمو بەیەكەوە گفتوگۆكردنو دانیشتن بۆ مڵدانە بەر چارەسەری رەوشی كوردستان بە مەترسی دەزانێت بۆ سەر پرۆسەی دیموكراسی.
ئەو مامەڵەیەیی گۆڕان راستی ئەوەمان بۆ دە سەڵمێنێت كە بزووتنەوەكەیان لە ئەنجامی خراپ ئیدارە دانی، بەرژەوەندییە تایبەتەكانی خستۆتە پێش بەرژەوندییەكانی هاووڵاتییان، هاوكات بەرژەوەندییە حزبییەكانی لە پێشەوەی بەرژەوەندییە نیشتمیانییەكان دەبینێت، بۆیە لە سەروەختی گۆڕانكاری گەورەی ناوچەكە لەبەر ئەوەی خۆی توانای بڕیاردانی نییە لە پێشڤەبردنی هەرێم و باشتر كردنی گوزەرانی هاووڵاتی، ئەوا بە هەموو مانایەكەوە دەیەوێت بەیەكەوە هەنگاو نانی پارتیو یەكێتی ئاستەنگ بكات.