وەزارەتى خوێندنى باڵا وردەکاریی ساڵی نوێی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگەکانی بڵاوکردەوە

دوای ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، لە سەرەتای مانگی 10ی ئەمساڵدا بە شێوەی “سیستمی تێکەڵ” دەست بە خوێندن و دەوامی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێم دەکرێتەوە.

لە وردەکارییەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیدا باس لەم نۆ خاڵەی لای خوارەوە کراوە:

یەکەم: خوێندنی‌ ساڵی‌ نوێی‌ ئەکادیمی‌ لە (1/9) دەستپێدەکات و پێویستە ساڵی‌ ئەکادیمی‌ لە (30/6) کۆتای پێبێت.

دووەم: لە نێوان (20/9) تاکو (4/10) پرۆسەی‌ خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانی‌ لە هەرێمی‌ کوردستان دەستپیدەکات، بەشێوەیەک زانکۆکان سەرپشکن و دەسەڵاتیان پێدەدرێت لە نێوان ئەم دوو ڕێکكەوتە رۆژێک بۆ دەستپێکردنی‌ خوێندنی‌ ساڵی‌ (2020-2021) دەستنیشان بکەن.

سێیەم: سیستمی‌ خوێندن بۆ ساڵی‌ خوێندنی‌ (2020-2021) بریتیە لە خوێندنی‌ ئاوێتە واتە (blended learning).

چوارەم: خوێندنی‌ وانە پراکتیکیەکان و تاقیکردنەوەی‌ کۆرسەکان و کۆتای‌ ساڵ و تەتبیقاتی‌ ناو نەخۆشخانە و تاقیگەکان و وانە تیۆریە سەرەکییەکان لە ناو کامپەس دەخوێنرێت، بەو واتایەی‌ زۆربەی‌ خوێندنی‌ ساڵی‌ نوێ لە ناو کەمپەس دەبێت.

پێنجەم: ماوەی‌ نێوان (9/1) تاکو (10/4) ئەو ماوەیە بۆ راهێنانی‌ مامۆستایان بەکاردەهێنرێت و یاخود ڕێکخستنەوەی‌ ساڵنامەی‌ زانکۆ و قەرەبووکردنەوەی‌ وانە فەوتاوەکان.

شەشەم: هیچ کۆرسێکی‌ خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان نابێت لە (15) هەفتە کەمتر بێت.

حەوتەم: بەهۆی‌ بارودۆخی‌ تەندروستی‌ و بڵاوبونەوەی‌ پەتای‌ کۆرۆنا، تەنیا بۆ ئەمساڵی‌ خوێندنی‌ (2020-2021) لە نێوان زانکۆکانی‌ هەرێم سیستمی‌ میوانداری‌ دەکرێتەوە ئەویش لەنێوان بەش و سیستمی‌ هاوشێوەدا دەبێت.

هەشتەم: بۆ خوێندنی‌ ئاوێتە، هەر زانکۆیەک ئەو پلاتفۆرمە ستانداردانەی‌ خوێندن بەکاردەهێنێت کە یونسکۆ راسپاردەی‌ دەکات.

نۆیەم: لە (2020/10/11) پرۆسەی‌ خوێندنی‌ خوێندنی‌ باڵا/ ماستەر و دکتۆرا دەستپێدەکات.

لە کۆتاییدا، وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم رایگەیاندووە، کۆی‌ ئەم پێشنیازانە و چەندین پێشنیازی‌ دیکەی‌ پەیوەست بە پرۆسەی‌ ساڵی‌ نوێی‌ خوێندن دەخرێنە بەردەم ئەنجومەنی‌ وەزیران بە مەبەستی‌ تاوتوێکردن و پەسەندکردنیان.

Back to top button