پارتی لە سەرشێوازی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق بڕیاری دا

 

خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیارەکانی پارتی سەبارەت بە گەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق ئاشکرا دەکات .

 

وا بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوو چۆنیەتی و شێوازی هەڵبژرادنەکانی عێراق  یەکلایی بکرێتەوە ، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر زوو هەڵوێست دەگرێت و وەک حەسرەو گۆران گوتی : ئەگەر عێراق بكرێتە یەك بازنە، دەنگی كورد بەفیڕۆ ناچێت، لەبەر ئەوەش لەگەڵ شێوازی فرەبازنەییدا نین بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو.

 

هەر لە درێژەی ئەو لێدوانەدا خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی راگەیاند: “راستە بە گوێرەی یاسای نوێی ھەڵبژاردن ھەر پارێزگایەك بەسەر چەند بازنەیەكی ھەڵبژاردندا دابەش دەكرێت، بەڵام بۆ ئێمەی كورد ھەڵبژاردن یەك بازنە بێت باشترە نەك فرەبازنەیی، واتە عێراق ھەمووی یەك بازنە بێت ھاوشێوەی یاسای ھەڵبژاردنی ھەرێمی كوردستان، ئەگەر بۆمان بكرێت ئێمە یەكبازنەیی جێبەجێ دەكەین”.

ئەو بەرپرسەی پارتی هۆکاری ئەو بڕیارەی حزبەکەی رووندەکاتەوە دەڵێت : “لە یەكەم ھەڵبژاردنی عێراقدا لە ساڵی ٢٠٠٥ سیستەمی یەكبازنەیی جێبەجێ كرا، ھۆكارەكەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە دەنگی كورد پەرت نابێت بە تایبەتی دەنگی كورد لە ناوچەكانی كۆت و عەمارە و بەغدا و دیالە بەفیڕۆ ناچێت، بەپێچەوانەوە فرەبازنەیی كاریگەری لەسەر دەنگی كورد دەبێت”.

 

لە کۆتاییشدا دیسان نمونەیەک لە سەر یەکەم هەڵبژاردنی عێراق دێنێتەوەو گوتی “لە یەكەم ھەڵبژاردندا لەبەر ئەوەی یەك بازنە بوو، دەنگی كورد ھەموو گەڕایەوە بۆ لیستە كوردییەكان و توانیمان ٨٠ كورسی بەدەست بێنین، بەڵام ئێستا كەمتر لە ٦٠ كورسیمان ھەیە، واتە ٢٠ كورسی كەمیان كردووە، جیاوازییەكەش بۆ یاسای ھەڵبژاردن دەگەڕێتەوە”.

Back to top button