محەممەدی حاجی مەحموود: پشتگیریی گوتەكانی سەرۆكی هەرێم دەكەین
دوای ئەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە میانەی چاو پێكەوتنێكی میدیایی رایگەیاند كە كۆتاییی بە كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی هاتووە،سكرتێری حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیێنێت، پەیامەكەی (كاك مەسعوود) لەسەر كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەی پێنچقۆڵی زۆر گرینگە و، پێویستە هەموو حزبەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسیی كوردستان بەشداری بكەن.
(محەممەدی حاجی مەحموود)، بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاندووە: “پەیامەكەی كاك (مەسعوود بارزانی) لەسەر كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەی پێنچقۆڵی واقیعییە، دەرككردنە بە كێشەكان؛ بۆیە ئێمە وەك حزبی سۆشیالیست پێشوازی و پشتیوانی لە گوتەكانی بەڕێزیان دەكەین. هەڵبەت لەو جۆرە بۆچوونانە دەتوانین دەرباز ببین لەم كێشە و ناكۆكیانە كە هەمووان لەسەر مێزی كفتوگۆ كۆ ببینەوە، چونكە قۆرخكردنی كۆبوونەوەكان خزمەت بە كەسمان ناكات، میللەتەكەیشمان ئاشتیی لێمان دەوێت و، بەم نەفەسەی (كاك مەسعوود) دەتوانین هەموو حزبەكان پێكەوە كۆ ببینەوە”.
(حاجی مەحموود) جەخت دەكاتەوە لەوەی كە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەمە یەكەم جاری نییە داوای كۆبوونەوەی فراوانی هەموو حزبەكان دەكات و دەڵێ : “هەردەم ڕای لەگەڵ ئەوە بووە لە كۆبوونەوەكاندا هەموو حزبەكان بەشدار بن، بەڵام حزب هەیە داوای كۆبوونەوەی پێنچقۆڵی دەكات لە كاتێكدا لە سلێمانی لە ئەنجوومەنی پارێزگا یەك كورسی لە حزبەكەی من زیاترە، جا نازانم ئەم لەخۆباییبوونە لە چیدایە؟”.
سكرتێری حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان گوتیشی: “دەبێت خەباتی دوورودرێژی حزبەكان لە بەرچاو بگیردرێت، خۆ زۆربەی حزبەكان لە شاخ دروست بوونە و، دژی رژێمی (سەددام حوسێن) شەڕیان كردووە، ئیجازەی دروستبوونیان لە كەس وەرنەگرتووە، زۆر حزبیش هەن لە شار و دوای ڕاپەڕین دروست بوون، داوای مۆڵەتی حزبیان لە حكوومەتی هەرێم كردووە، حزبیش هەیە كورسی لە پەرلەمان لە حزبەكەی ئێمە زۆرتر بێت، بەڵام حزبی سۆشیالیست لە سەنگەرەكانی بەرگری دژی داعش بە سەدان پێشمەرگەی شەڕ دەكات بۆ بەرگری لە كوردستان، ئاخر دەبێت ڕەچاوی ئەو خەباتەیش بكرێت”.
ئەو ئاماژەیشی دا: “پێم سەیرە پاش ئەم هەموو كێشە و گرفتانە حزب هەبێت باسی كۆبوونەوەی پێنچقۆڵی بكات، كە كۆبوونەوەكان وەفد بۆ بەغدا و لیژنەی نووسینەوەی دەستوور و كۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان قۆرخ بكرێت، ئەمەیش دادپەروەری نییە حزبەكانی دیكەی كوردستانیان لێ بێبەش بكرێت”.
دەربارەی كۆبوونەوەكانی پارتی و یەكێتییش گوتی: “زۆر جار گوتوومە یەكێتیی و پارتی بەیەكەوە دەتوانن زۆربەی كێشەكانی كوردستان چارە بكەن بەو حوكمەی كە هەردوو حزب لە ڕووی ئابووری و سیاسی و عەسكەری و پێوەندییەكانی دەرەوە بەهێزن، بۆیە رێككەوتنی هەردوو حزب لە پێشدا گرنگە بۆ چارەكردنی كێشەكانی كوردستان، پاشان بەو پڕۆژە هاوبەشەی كە هەیانە لەگەڵ تەواوی حزبەكانی دیكە قسە بكەن بۆ چارەكردنی تەواوی ئەوگرفت و كێشانەی كە لە ئێستەدا هاتوونەتە ئاراوە لە هەرێمی كوردستان، ئیتر هەرحزبێك بەقەدەر حەجم وقەبارەی خۆی لەگەڵی دانیشن و ئەوەی پێی خۆش بوو با لەگەڵیان لە بەڕێوەبردنی وڵات بەشدار بێت، ئەوەیشی پڕۆژەكەی بە دڵ نەبوو، دەتوانێت ببێتە ئۆپۆزیسیۆن”.
سكرتێری حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان دەشڵێت: “هێزەكانی پێشمەرگەی پارتی و یەكێتیی و بەشێك لە حزبی سۆشیالیست لە بەرەكانی پێشەوەی سەنگەرەكان شەڕ دژی داعش دەكەن بۆ پارێزگاری لە كوردستان، بۆیە پارتی و یەكێتیی مەسئولییەتیان لەسەر شانە، چونكە باشە و خراپەی ئەم وڵاتە هەردوو حزب لێی بەشدارن”.