هێمن هەورامی: داوای پەرلەمانتاران بۆ بانگهێشتی سەرۆکی حکوومەت پێچەوانەی پێڕەوی ناوخۆ بوو
جێگری سەرۆكی پەرلەمان ڕای دەگەیەنێت، داواكاری 23 پەرلەمانتارەكەی كوردستان تێكەڵ بوو و بەڵگەی پێویستیشیان نەبوو بۆ بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكوومەت.
ئەمڕۆ دووشەممه، هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەلایەن 23 پەرلەمانتارەوە داوای بانگێشتكردنی سەرۆكی حكوومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی كرابوو بۆ پەرلەمانی كوردستان، بۆ ئەو مەبەستە یاداشتێكیان ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كرد، بەڵام كۆمەڵێك خاڵی پێچەوانەی پێڕەوی ناوخۆ لە یاداشتەكەیان هەبوو، بۆیە لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە ڕەت كرایەوە.
جێگری سەرۆكی پەرلەمان گوتی، بەپێی پێڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، چاودێریكردنی حكوومەت بەنووسینی پرسیار دەست پێ دەكات، دواتر خستنەڕووی بابەتی گشتی بۆ گفتوگۆ، دواتر دەچێتە سەر پرساندن، دواتر دانیشتنی متمانە لێسەندنەوە دەست پێ دەكات، بەڵام ئەوان باسی خاڵی یەك و دووەمی چاودێرییەكەیان نەكردبوو و ڕاستەوخۆ چوونە سەر پرساندن.
پێویست بزانرێ بۆ پرساندنیش دەبێت بۆ یەك كەس بێت، بەڵام ئەم پەرلەمانتارانە تێكەڵیان كردووە، ئەم یاداشتەی ئەوان تێكەڵییەكی تێدابوو و بەڵگەی پێویستی تێدا نەبوو، بۆیە بەپێی پێڕەوی ناوخۆ دەتوانن دووبارە ئەو یاداشتە پێشكەش بكەنەوە”. جێگری سەرۆكی پەرلەمان وای گوت.